یادداشت
گەرمکردنی ماسولکەکان
بێ نووسین، هەست دەکەم لە خۆم دوور دەکەومەوە. لە جەوهەری خۆم. لە خەون و ڕۆئیا و خەمەکانم، کە وەک شاخێک قورسایی بێبەزەییانەی خۆیان دەهاوێنە سەر شانم.
مخابن زۆر درەنگ تێگەیشتم بێجگە لە نووسین، بە کەڵکی هیچی دیکە نایەم. بۆیە لە ماوەی ژیانمدا بە ناڕەوا، دەستم دا زۆر کار و پیشەی تر. ئەگەر ئەرکی هەر ئادەمزادێک کە دێتە سەر زەوی، نەخشاندنی نەخشی خۆی بێ لە مافووری گەردوون، ئەوە بێ هیچ دوودڵییەک، دەبا و دەبێ من ئەو نەخشەی خۆم بە نووسین بنەخشێنم. نەک بە کێلنووسی و کاشیکاری و هەنگەوانی و فیلمهەڵگری و دوکانداری.
بێگومان خەمی نان یان باشترە بڵێم ترسی بڕانی نان، هەمیشە بیانوویەکی بەهێزە بۆئەوەی ئێمە وەدوای ئەو تیشکۆڵە ئەفسووناوییە نەکەوین کە جاروبار چاومان لێدادەگرێ و وەک ژنێکی ئەفسوونگەر بە دوای خۆیدا پەلکێشمان دەکا. بەڵام ئەم گەردوونە کە بە بەفر و کڕێوە و بە درێژایی چەندین مانگی زستان ڕسقی ورچ و گورگ و ڕێوی و چۆلەکە و کۆتر و مراویی شاخ و دارستانان دەدا، چۆن پەکی مرۆڤێک دەخا کە بە دوای بەنرخترین سەرمایەی گەردوون، واتە ئەڤین کەوتبێ؟ ئەوە چ ترسێکە، ئاوا قووڵ بە ڕۆحی ئێمەدا چووەتە خوارێ؟
لە ناکاو دەبینی چل ساڵ لە تەمەنت تێپەڕیوە و تۆ هێشتا هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆت بۆ دڵخوازەکەی خۆت هەڵنەهێناوەتەوە. ئەو دڵخوازە دەبێ چەندە بەسەبر بێ، چل ساڵ چاوەڕوانت بێ و تۆ هەر جارێ بە بیانوویەک خۆتی لێ بدزیەوە؟
ئەرێ کێ وامان لێدەکا هەر زوو تەسلیمی ژیانی ڕۆژانەی ڕەنگبۆڕێژراوی بێخەون و خولیا بین و هەموو ڕۆژێ سەفەری گەڕان بە دوای خەون و ڕۆئیاکانمان دوا بخەین بۆ سبەی؟
دەمێک پێش ئێستا کە لاپەڕەیەکی سپیی وۆردم کردەوە، جگە لە هەستێک کە بۆ تامەزرۆیی نووسین لە دڵمدا پەنگی خواردبۆوە، هیچ بیرۆکەیەکی نووسینم دە مێشکدا نەبوو. سەرەتا کەمێک چاوم لە لاپەڕە سپییەکە بڕی و قامکی شادەی دەستەکانم خستنە سەر گرموولەی سەر دوو پیتی J و F کە بۆ ئەوە دانراون بێ چاو لێکردن شوێنی پیتەکانیان پێ بدۆزیەوە. ئێستا هەموو ئیمکاناتی نووسین لەبەر دەستم بوو. دەی کەواتە چاوەڕێی چی بووم؟ بۆیە دەبوو یەکسەر دەست بکەم بە نووسین: بێ نووسین، هەست دەکەم..." پاشان وشە و ڕستەکانی دیکە بۆخۆیان بە دوای یەکدا هاتن. نووسینێک لە بارەی نووسینەوە، یانژی لە بارەی هیچەوە، تەنیا لە پێناوی گەرمکردنی ماسوولکە خاوەکانی مێشک، ئەوانەی پەیوەندییان بە نووسینەوە هەیە.
پێم وایە ئەوە باشترین ڕێگایە بۆ زاڵ بوون بە سەر تەوەزەلی و خۆ دزینەوە لە نووسین. ئەمە واتە کردەوە. چونکە پەیوەندیی نێوان بیر و نووسین، پەیوەندییەکی دوولایەنەیەی کارتێکردن و ختووکە دانە. ڕاست وەک پەیوەندیی نێوان زەین و زمان کە زۆر جار زمان دەبێتە هۆی ورووژان و هەڵقوڵین و داهێنانی زەین و، بە پێچەوانەشەوە.