کچێکی ناشیرینی ددان خوار و خێچ!
کچێکی ناشیرین بوو، یەکی قژ تەنکی دەموچاو ڕەشتاڵە کە ددانە خوار و خێچەکانی دەگەڵ ڕوومەتی لە حاست یەک نەبوون.
یەکەم ڕۆژ کە هاتە قوتابخانەکەمان، هیچ کچێک ئامادە نەبوو لە تەنیشتی دانیشێ.
خاڵی پێچەوانەی ئەو، کچێکی جوان و دەوڵەمەند بوو کە جێی سەرنجی هەمووان بوو.
هەر یەکەم ڕۆژ چوو لەبەردەم کچەی تازە هاتوو ڕاوەستا و گوتی:
ـ دەزانی تۆ ناشیرینترین کچی ئەم پۆلەی؟
لەناکاو پۆلەکە بە دەنگی پێکەنین تەقیەوە. هێندێک ئەوەندە پێکەنین بێتامیان کرد.
بەڵام کچەی تازە هاتوو بە نیگایەکی پڕ لە دلۆڤانی و خۆشەویستییەوە وەڵامی داوە و گوتی:
ـ بەڵام بە پێچەوانەوە، تۆ یەکجار جوان و خوێن شیرینی.
ئەمە بوو بە هۆی ئەوە کە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە، لای هەمووان و بە تایبەت لای من ڕێزێکی تایبەتی هەبێ. ئەو بەو تاقە ڕستەیە نیشانی دا کە جێمتمانەترین کەسی پۆلەکەمانە.
وای لێهات بۆ سەیرانی کۆتایی حەوتوو هەموو هەوڵیان دەدا دەگەڵ ئەو بکەونە دەستەیەکەوە.
هەر کەسەو نێوێکی لێنابوو. بە یەکێکی دەگوت چاو هەنگوینی و بە یەکێک برۆ کەوان و...
بە یەکێک لە مامۆستاکانمانی دەگوت ڕووخۆشترین مامۆستای دنیا و بە فەڕاشی قوتابخانەی دەگوت خۆشەویستترین پشتیوانی قوتابییان.
بەڵێ زەقترین تایبەتمەندیی ئەو، پێهەڵگوتن و تاریفی کەسانی دیکە بوو کە بە ڕاستی بڕوای بە قسەکانی خۆی هەبوو و ڕێک قامکی لە سەر خاڵە موسبەتەکان دادەنا.
بۆ نموونە بە منی دەگوت گەورەترین نووسەری دنیا و بە خوشکەکەمی دەگوت باشترین کابانی دنیا و بەڕاستی هەر واش بوو. دەستڕەنگینیی خوشکم قسەی تێدا نەبوو و من سەرم سوڕمابوو کە ئەو بە حەوتوویەک چۆن ئەمەی بۆ دەرکەوتبوو.
پاش چەندین ساڵ، کاتێک وەک شارەداری شارە بچووکەکەمان هەڵبژێردرا پێیەوە چووم و بێ ئەوەی گوێ بدەمە ڕواڵەتی ڕوخساری هەستم کرد یەکجار زۆرم خۆش دەوێ.
پێنج ساڵ لەمەوبەر، کاتێ خوازبێنیم لێکرد، وامدەزانی سەرنجڕاکێشییەکەی بووەتە هۆی ئەوەی خۆشم بوێ و ئەو بە هەمان ساکاری و ویقاری هەمیشەیی خۆیەوە گوتی:
ـ بۆ دیتنی سەرنجڕاکێشیی شتێک، دەبێ پێشتر خۆت سەرنجڕاکێش بی.
من ئێستا کچێکی سێ ساڵەم لێی هەیە. کچەکەم زۆر جوانە و هەموو کەس سەری لە جوانییەکەی سوڕ ماوە.
ڕۆژێک دایکم لە هاوسەرەکەمی پرسی کە ڕازی جوانیی کچەکەمان چییە؟
هاوسەرم گوتی:
ـ من بۆ جوانیی کچەکەم خۆم بە قەرزداری ماڵی باوانی دەزانم.
دایکم بۆ سبەینێکەی نیوەی سامانی خۆی پێ بەخشین.
شاد بوون، تەنیا تۆڵەیەکە کە دەتوانین لە ژیانی بکەینەوە.