یادداشت
من بۆخۆم وام. ره‌نگه زۆر كه‌سی دیكه‌ش وابێ..
دوێنێ یادی مه‌رگی هێمن بوو. یادێك كه به زیندوویی تێپه‌ڕی.
من به شیعری هێمن فرچكم به ئه‌ده‌ب گرتووه. پاش چوونه لای نووسینی هه‌ر نووسه‌رێكی دی كه هاتوومه‌وه لای هێمن، هه‌ستی كه‌سێكم بووه كه له سه‌فه‌رڕا ده‌گه‌ڕێته‌وه و لاق راده‌كێشێ و ده‌ڵێ "ئۆخه‌ی، ماڵه خۆت له هه‌موو جێیه‌ك خۆشتره".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رگیز زاتم نه‌كردووه له‌باره‌ی هێمنه‌وه هیچ بنووسم. له‌وه ترساوم نووسینه‌كه‌م له ئاستی گه‌وره‌یی ئه‌و ئینسانه‌دا نه‌بێ.
ئینسان، ره‌نگه پڕبه‌پێست‌ترین سیفه‌ت بێ بكرێ بیده‌یه پاڵ هێمن.
جوانیی هێمن له‌وه‌دایه، هه‌ر هێمنه و كه‌سی تر نییه. هێمن گه‌وره‌ترین شاعیری كورد نییه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه خۆشه‌ویست‌ترینه. شاعیرێكه، نووسه‌رێکه، شیعر و نووسینی بردۆته نێو جه‌ماوه‌ر و زۆرترین خوێنه‌ری له ده‌وری شیعر و نووسین كۆكردۆته‌وه.
هێمن له‌گه‌ڵ هه‌موو شاعیران فه‌رقی هه‌یه. له‌وه‌دا نا كه له هه‌مووان به‌رزتر بێ، له‌وه‌دا كه له هه‌موان خاكیتره، خه‌ڵكیتره. ئه‌و ده‌وره‌ی دیوانی حافز بۆ فراوانیی خوێندنه‌وه و زیندوویه‌تی لای فارسزمانان و فارسیزانان هه‌یه‌تی، لای كورد به به‌رهه‌مه‌كانی هێمن بڕاوه.
شیعر و په‌خشانی هێمن به‌قه‌ت یه‌ك نه‌خشیان له دروست بوونی كه‌سایه‌تیی خۆشه‌ویستی هێمن‌دا هه‌یه. ئه‌گه‌ر شیعره‌كانی، ورینگه‌ی سه‌ر زاری خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واری كوردن و، زۆربه‌یان به‌سه‌ر باڵی گۆرانیه‌وه تا كه‌شكه‌ڵانی نه‌مری فڕیون؛ نه‌سری هێمن، به لای زۆربه‌ی زمان‌ناس و ئه‌دیب و ئه‌هلی زه‌وقه‌وه نموونه‌ی زمانی ستانداری نووسین و شاكاری په‌خشانی كوردین.
ساده و قووڵ نووسین (سه‌هلی مومته‌نیع)، له‌وه‌تی هه‌یه رۆڵه‌ی باوه‌فای وای به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه.
ئه‌و بایه‌خه‌ی ده‌بێ و جێی خۆیه‌تی به هێمن بدرێ، یه‌ك دوو ساڵه خه‌ریكه ده‌درێت. وێبلاگ و ماڵپه‌ڕ و تیڤیی كوردی، هه‌ر یه‌كه‌و له‌به‌ر خۆیه‌وه رێزی شیاوی لێده‌گرن. من پێم وایه ساڵ به ساڵ یادی ئه‌و ئاشقه‌ی "هه‌رچی ئینسان" و "كێ‌و و ته‌لان و به‌نده‌ن و به‌رد"ی نیشتمانه به‌رزتر راده‌گیرێ، که سه‌د هێنده‌شی قابیله.
.jpg)