بیره‌وه‌ری
ته‌یره‌كه‌ی گه‌ر‌مێن
به‌شی سێهه‌م
له نێو كورد دوو كه‌سم دیون هه‌ر به زگماك چیرۆكگێڕهوه بن: شێرزاد حه‌سه‌ن و دووه‌میان جه‌بار جه‌مال غه‌ریب، كه هه‌ردووكیشیان چیرۆكنووسی چاكن.
ئه‌و دوو كه‌سه، نه‌بووه له شوێنێك بیانبینم و چیرۆكێك، به‌سه‌رهاتێك، شتێكیان نه‌گێڕابێته‌وه. جارێكیان له هه‌ولێر، جه‌بار تازه له ئێران گه‌ڕابۆوه، هێند به تامولهزهتهوه باسی سه‌فه‌ری خۆی و رێبوار سیویلی و چیرۆكی مانه‌وه‌ی شه‌وێكی خۆیانی له موسافیرخانه‌ی سه‌ید عه‌لی قه‌لان، له خانێ، بۆ ده‌گێڕامه‌وه كه باشتر له هه‌موو چیرۆكه نووسراوه‌كانی له زه‌ینمدا ماوه‌ته‌وه. هه‌ر ئه‌و كاتیش داوام لێ‌كرد ئه‌و به‌سه‌رهاته بنووسێته‌وه، به قسه‌ی نه‌كردم.
چۆنی بۆ گێڕامه‌وه ئێستا موو به موو هه‌موویم وه‌بیره، به‌ڵام له جیاتی ئه‌وه با بیره‌وه‌رییه‌كی دیكه‌ی خۆم بگێڕمه‌وه.
دوای ده‌یان جار بڕینی تووله رێگای نێو كێڵگه‌كانی مین و، ترسی گیران و، هه‌وراز و هه‌ناسه‌بڕكه و له قوڕ كه‌وتن و، هه‌زار سه‌گه‌مه‌رگیی دیكه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی قاچاغ له سنوور، یه‌كه‌م جار بوو په‌ساپۆرت له گیرفاندا و به ره‌قی جاده‌ی قیله‌تاوی مه‌رزی ته‌مه‌رچیاندا سه‌فه‌ری گه‌رمێنم ده‌كرد. ده‌بێته پێرار، پایزی 2008.
كه پاسپۆرته‌كه‌م خسته به‌رده‌م مه‌ئمووری ئێران هه‌رگیز له كاتی به قاچاغی په‌ڕینه‌وه‌دا دڵم ئه‌ونده به توندی لێی نه‌دابوو. كه به ئاسانی مۆره‌كه‌یان لێدا و گوتیان "به سڵامه‌ت!" هێشتا بڕوام نه‌ده‌كرد به سڵامه‌تی ئاودیوی ته‌لبه‌ندی سنوور ده‌بم. وه‌ك خه‌ونێك ببینم ئاودیو بووم و پێم نایه به‌شه ئازاده‌كه‌وه.
تازه سه‌فه‌ركردن به پاسپۆرت كرابۆوه و له‌ودیو ده‌بوایه كه‌فیلێكی كوردی باشوور زه‌مانه‌تت بكات. ته‌له‌فۆنم بۆ چه‌ند ناسیاوان كرد، كه‌فاله‌ت به ته‌له‌فۆن و ته‌له‌فۆنكاری جێبه‌جێ نه‌بوو. له به‌یانییه‌وه تا دوازده‌ی نیوه‌ڕۆ چاوه‌ڕێ بووم و له ده‌زگای موكریانییه‌وه هه‌وڵێكی زۆریان دابوو و ته‌نانه‌ت هاوڕێیه‌كمان بۆخۆی چووبووه ئیقامه‌ی هه‌ولێر و نامه‌ی ده‌زگای بۆ بردبوون كه ئه‌وه كارمه‌ندی ده‌زگای موكریانی بووه و ئێمه كه‌فاله‌تی ده‌كه‌ین و له‌وێشه‌وه قه‌ولیان دابوو ته‌له‌فۆن بۆ ئاسایشی سنوور بكه‌ن و سه‌عات بوو به یه‌ك و ته‌له‌فۆنه‌كه هه‌ر نه‌كرا. خه‌ڵكی حاجی ئۆمه‌رانیش ئه‌وه‌نده‌یان كه‌فاله‌تی خه‌ڵك كردبوو چیدی قه‌بووڵیان نه‌ده‌كردن، ده‌نا له وێ چه‌ند ناسیاوم هه‌بوون. ئای خودایه چ بكه‌م؟ چ نه‌كه‌م؟ و رێك له‌و كاته‌دا كه ده‌هات له هه‌موو لایه‌ك هیوابڕاو بم دیتم یه‌كی ده‌سته پیاو كه له دووره‌وه سه‌ری هه‌ر بریقه‌ی ده‌دا، له پێش ده‌رگای ئوتوبووسێكی ئێران، ـ كه تازه له‌و رێگایه‌دا خرابوونه كار ـ ده‌ستم بۆ هه‌ڵده‌وه‌شێنێ. كه لێی ورد بوومه‌وه، جه‌بار جه‌مال غه‌ریب! من داگه‌ڕام و ئه‌و هه‌ڵکشا. ئه‌وه چی ده‌كه‌ی لێره؟ ئه‌دی تۆ بۆ لێره‌ی؟
یه‌كترمان له باوه‌ش گرت و گوتم وه‌ره فریشته‌یه‌ك بووی خودا بۆ منی ناردی!
جه‌بار مه‌ردانه هاته پێش و كه‌فاله‌تی كردم و زۆریش به‌سه‌ر پاسه‌وان و كاربه‌ده‌ستانی سنوور رۆیی كه بۆچی ئه‌و ده‌رده‌سه‌ره‌یان بۆ ئه‌و خه‌ڵكه فه‌قیره دروست كردووه؟
كه‌فاله‌ته‌كه‌م كرابوو كه هاوڕێیانی ده‌زگای موكریانی گوتیان كاكه ئیشه‌كه‌ت جێبه‌جێ بووه و ئێستا ته‌له‌فۆنیان بۆ ده‌كرێت. داوای لێبوردنم لێ‌كردن كه ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌م به خۆمه‌وه گرفتار كردووه و گوتم جێبه‌جێ بوو.
عه‌ره‌ب گوته‌نی: "سوتفه‌یه‌كی به‌خێر هه‌زار مه‌وعیدان دێنێ."
له‌گه‌ڵ كاك جه‌بار سواری ئۆتووبووس بووین و به رێگه‌ی هامیلتۆندا بووینه هاوسه‌فه‌ر.