تریفه
كابرا له‌به‌ر ئه‌و كفنپۆشانهی به سواری چوارونیو[1]ی سه‌ربازی مانۆڕ ده‌ده‌ن، هۆشی به‌سه‌ر ماسیه‌كانه‌وه نییه. ئێمه بۆ ماسی كڕین نه‌هاتووینه بازاڕ.
ـ نا كچم، ماسیه‌كان تینوویان نییه. نابینی ئاوه‌كه به گوێچكه‌یاندا دێته‌وه ده‌ر؟
پێده‌چێ ئاوی نێو ته‌شته‌كه ئۆكسیژنی كافی تێدا نه‌مابێت.
ئه‌و كچۆڵانه‌ی پلاكاردی پڕ له داخوازی مردنیان هه‌ڵگرتووه قیژه‌یان به دڵی مامۆستاكانیان ده‌رنایه و، چیدی ده‌ست و په‌نجه‌یان گه‌رم نین.
ـ مه‌ترسه ناخنكێن.
پێی ناڵێم خه‌ڵك ئێستا ماسیی زیندوو نه‌بێ نایخۆن.
ـ په‌نجه‌م رامه‌كێشه كچم، ناتوانین زۆر لێره گیر بین. نا، بۆ ناو تونگه‌ی شووشه نین.
وه‌كو ئه‌و تریق تریق پێناكه‌نم. وا دیاره من حاڵی نابم.
ئه‌وساڵ له‌و رۆژه‌دا به‌فر نابارێ. شوعاربێژه‌كان یه‌ك و دوو نین. كه‌س له كه‌س حاڵی نابێ.
هه‌شت رۆژی پتر بۆ كرێ خانوو نه‌ماوه. خۆ به قسه‌ی تریفه نییه. ئه‌و هه‌موو پووڵه له كوێ بێنم؟ بۆ تێناگات؟ تازه ناژینه‌وه. واش نه‌بێ، پێی وایه راوچییه‌كی دی نایانگرێته‌وه؟
ـ بۆ ملپێچهكهت نه‌هێناوه؟ بڵێ نه‌ساغ بووم. درۆ نییه. ئه‌دی سه‌رمات نه‌بووه؟
"ئه‌وه كه هه‌موو ساڵێ له‌و رۆژه‌دا منداڵه‌كانت نه‌خۆش ده‌بن تۆزێك نائاسایی نییه؟"
كفنپۆشهكان ناناسم. یانی به كفنه‌وه نایانناسمه‌وه. سه‌روچاوی هه‌ندێكیان له پشت سه‌روكڵاو و شان و شه‌پیلكی ئه‌وانی دیكه‌وه دیار نییه. هاوكاره‌كانم نابینم.
ـ له‌سه‌ر یه‌ك هه‌مووی به چه‌ند؟
كابرا هێشتا چاوی لێ نه‌كردووم:
ـ بێ كێشان نابێ.
ـ تۆ كارت به‌وه نه‌دابێ.
"تۆ نیگه‌رانی داهاتووی منداڵه‌كانی خۆت نیت. تۆ به ته‌نیا چت پێناكرێ. ئێمه‌ش ئه‌و وه‌زعه‌مان به دڵ نییه. به‌ڵام بایی ئه‌وه‌نده ئاقڵین خۆمان نه‌كه‌ینه گای قه‌شان. خۆ به پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمێك لێمان كه‌م نابێ."
خۆی نه‌بوو؟ ئه‌و هاوكاره‌ی هه‌رگیز له سه‌ركۆنه‌كردنم ماندوو نابێت: "كۆمارت له دانیشگا وه‌رنه‌گیرا. تریفه‌ت بۆ بۆنه‌كان ئینشا نانووسێت. له موسابهقاتدا به‌شداری ناكه‌ن. نایه‌ڵی بێنه ده‌وره‌ی ئاماده‌گی به‌رگری. نایه‌نه رێپێوان. تاسه‌ر خاوه‌نی سه‌ری خۆت نابی."
سێ ماسی له ناو نایلۆنی سپی و ناو تهرازووشدا له جینگڵدان ناوه‌ستن.
ـ بابه بۆچی ئه‌و كابرایه به ئاوه‌وه نه‌یبردنه‌وه؟ تا ده‌گه‌نه‌وه ماڵێ نامرن؟
"فۆرمه‌كه پڕ ناكه‌یه‌وه؟ نایه‌ی بۆ رێپێوان؟ زیاده مووچه...؟ تۆ وه‌ته‌نی خۆت خۆش ناوێ؟"
بڵندگۆكان نه‌ڕه‌یان نایه. كفنپۆشهكان ئیتر كفنیان له به‌ردا نییه. له‌به‌ر ئاپۆره من و تریفه چیدی ماسیه‌كانمان لێ دیار نین. ئێستا ئیدی ماسییه‌كان پشوویان سوار نییه.
ـ مه‌گری كچی خۆم.
پاره‌ی قه‌دنه‌كراو ده زاركی گیرفانی پانتۆڵی كابراوه ناچێت. ئه‌و ناوه كه‌سی لێ نه‌ماوه. نه كفنپۆش، نه ماسیفرۆش و نه ته‌شته زه‌به‌لاحه پلاستیكیه‌كه.
ده‌مێنینه‌وه من و تریفه و عه‌رزی ته‌ڕی پڕ له پووڵه‌كه‌ی ماسی.
۲۲‌ی رێبه‌ندانی ۱۳۸۸ (۲۰۱۰)