گای ئیسپانی
بای گه‌ڵابه‌یه‌ك هه‌رچی تۆزی قوڕاویی جاده‌كه‌یه پێم هه‌ڵده‌پڕژێنێت و ناچارم كونی گوێم خاوێن بكه‌مه‌وه. ده‌ك به قوڕ گیرێی.. ده‌ك به‌سه‌ر شاره‌داردا به‌قوڕ گیرێی!
كه‌وشه‌كانم، كه‌وشه ره‌شه بریقه‌داره‌كانم، كه شه‌وێ له په‌نا سۆبه ههڵمپهساردبوون و به‌یانی تێر بۆیاغم كردبوون، ئێستا دوو هێنده‌ی كێشی خۆیان قوڕ هه‌ڵگرتووه. هه‌ر ده‌زانن باج و ماڵیات له خه‌ڵك وه‌رگرن! ئه‌و نامه‌ردانه‌ش له جه‌مسه‌ری بڵواره‌كه به به‌تاڵی باده‌ده‌نه‌وه و ته‌شریفیان دوو قه‌ده‌م نایه‌ته خوارێ قوڕبه‌سه‌رێكی وه‌ك من له‌و زه‌لاله‌ته رزگار بكه‌ن. منیش بم بۆ سه‌د تمه‌نی خوێڕی ماشێنی خۆم به قوڕ ده‌گرم؟ بابه ئه‌گه‌ر قیله‌تاو و به‌رده‌ڕێژیشی ناكه‌ن خۆ ده‌توانن دوو ماشێن چه‌وی تێبكه‌ن.
به‌یانی به ده‌نگی که‌سێک له خه‌و راپه‌ڕیم، سه‌راسیمه له جێگا ده‌رپه‌ڕیم و ده‌رگام کرده‌وه، هیچ که‌س دیار نه‌بوو. ده‌نگه‌که هێشتا له مێشکمدا ده‌زرینگایه‌وه.
دووشێکم گرت، ردێنم تاشی و که‌واپانتۆڵه ره‌شه ئوتووکراوه‌کانم ده‌به‌رکردن و به پیاوی قژ ماشوبرنجیی ناو ئاوێنه‌که‌م گوت: ئه‌وڕۆ دێت!...