یادداشت
له دنیای مه‌جازیی ئینترنێتدا سنووره‌کانی دیموکراسی به‌ربه‌رینترن
مسته‌فا شێخه
وێڕای داوای لێبوردن له هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی به هۆی نووسینی کامێنتێکی من له وێبلاگه‌که‌ی کاک سوله‌یماندا به جۆرێک له جۆره‌کان تووشی دڵ ئێشان و ناڕاحه‌تی بوون.
دیاره من وه‌ک پشیله‌ی ره‌جه‌به شێت گه‌ڕه‌که ماڵێکم به خۆمه‌و سووتاند، به‌ڵام خۆم ئه‌وه‌نده رووهه‌ڵماڵاوم پاش نووسرانی چه‌ند وتار و ده‌یان کامێنت له دوای کامێنته‌که‌ی خۆم دیسان سه‌رم هه‌ڵداوه‌ته‌وه. له وه‌ڵامی ئه‌و براده‌ره به‌رێزه‌دا که منی به مام سڵه‌مان ناو بردبوو، ئه‌و چه‌ند رسته‌یه‌ی خواره‌وه ره‌ش ده‌که‌م.
بۆ ناساندنی ئه‌و که‌سه‌ی به مام سڵه‌مان ناوی بردووم، سووچێکی بچووکی به‌ڕه شڕه‌که‌ی سه‌ر هه‌تیوان هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه و ده‌ڵێم: ته‌نیا ئه‌و که‌سانه من وه‌ک مام سڵه‌مان ده‌ناسن که به‌یه‌که‌وه له ره‌شه‌مه‌ی ساڵی 1359دا شانۆیه‌کمان به ناوی"ژیانی پێشمه‌رگه" له شاره‌کانی شنۆ و بۆکان نواند و ره‌نگه ئه‌و به‌ڕێزه وه‌ک من پشوو هه‌ڵماڵاو له خه‌باتی رێکخستن و ته‌شکیلاتی دانه‌بڕابێ و له گه‌ڵ یه‌کێ له هێزه سیاسیه‌کانی کوردستان بێت. ئه‌و به‌ڕێزه له یه‌کێ له کامێنته‌کاندا نووسیوه‌تی: سڵه‌مان بۆ هه‌ڵڵا‌یه‌که‌ت دروست کرد و کشایه‌وه؟
به‌ر له هه‌موو شتێک ده‌بێ بڵێم داوای لێبوردن له کاک حه‌مه‌سه‌ڵه‌ی به‌ڕێز ناکه‌م و ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ش له‌به‌ر کاک حه‌مه‌ساڵه نانووسم. چوونکه پێموایه ئه‌وه‌ی من نووسیبووم تاوان نه‌بووه و هیچ بێ‌ڕێزییه‌که‌م به کاک حه‌مه‌ساڵه نه‌کردووه و خۆیشی ده‌زانێ من له خۆم رانابینم بێ‌رێزی به هیچ که‌سێک بکه‌م. جارێکی دیکه به نوێنه‌رایه‌تیی کاک حه‌مه ساڵه‌وه له خۆم خۆش ده‌بم که نه‌ده‌بوو ئه‌و گله‌ییه له کامێنتی وێبلاگێکدا بنووسم. ئه‌گه‌رچی کێشه‌ی نێوان خۆم و کاک حه‌مه‌ساڵه به ته‌واوبوو و کۆتایی پێهاتوو ده‌زانم، به‌ڵام بۆ رازیتر بوونی خۆم و خۆی، لێره که‌مووکه‌یه‌کی لێ زیاد ده‌که‌م:
له‌و کاته‌وه که کاک حه‌مه ساڵه ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌ی چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر له وێبلاگه‌که‌یدا بڵاو کرده‌وه، من هه‌ر لێی زویر بووم و زۆر له دڵم گران هات. ئه‌وه ده‌قی نووسینه‌که‌یه و له وێبلاگی شێعره‌ساته‌وه وه‌ک خۆی کۆپیم کردۆته‌وه.
"وتوێژێک بۆ رامان(!!)
وتوێژێک بۆ (رامان)
له دوارۆژه‌کانی ساڵی پیشوودا به‌رێز مسته‌فا شێخه هاته سه‌قز و وتوێژیکی ئاماده کرد که به گوته‌ی ئه‌و بۆ گۆڤاری رامان ئاماده ده‌کرا و پرسیاره‌کان له لایه‌ن ره‌خنه‌گری به‌رێز ره‌هبه‌ر مه‌حموودزاده‌وه ئاراسته کرابوو.. ئه‌و وتوێژه (به هه‌ر هۆکارێ) تا ئێستا له رامان دا بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه و هه‌ر بۆیه به مافی خۆمم زانی دوای 5مانگ بڵاوی بکه‌مه‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌قی ئه‌و وتوێژه‌یه له سایتی ئه‌نجومه‌نی قه‌ڵه‌می کوردستانی ئێران.."
به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و به‌شانه‌ی له نووسینه‌که‌دا ره‌نگیان سوور کراوه، من وام زانی له سه‌ر دزی کردنێکی زۆر گه‌وره گیراوم و ره‌نگه ده‌قی وتووێژه‌که‌م به به‌هایه‌کی زۆر فرۆشتبێ.
هه‌ر چه‌ند کاک حه‌مه‌ساڵه کردبووی من نه‌ده‌بوو بیکه‌م و ئاوا بیخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ران و ده‌بوایه راسته‌وخۆ ئه‌م گله‌ییه‌م له خۆی کردبایه، ئه‌وه به ته‌نیا تاوانێک ده‌زانم که بووم به هۆکاری ئه‌وه‌ی که‌سانێک له‌و په‌نایه‌دا به ناوی خوازراوه‌وه هه‌ندێ شت بڵاو بکه‌نه‌وه که باشتر وابوو به‌مجۆره بڵاو نه‌کرێنه‌وه.
سه‌باره‌ت به بابه‌تی ره‌خنه‌ش من هیچکام له‌م نووسینانه‌ی کامێنته‌کان وه‌ک ره‌خنه نابینم و ره‌نگه خودی کامێنت‌نووسه‌کانیش ئه‌و شتانه وه‌ک ره‌خنه پێناسه نه‌که‌ن و بشزانن هه‌ر کام له بواره‌کانی ره‌خنه شارازیی تایبه‌تی پێویسته.
سه‌باره‌ت به دابه‌ش کردنی نووسه‌رانی کامێنته‌کان به‌سه‌ر دوو ده‌سته‌ی لایه‌نگرانی کاک حه‌مه‌ساڵه و کاک سوله‌یماندا پێم وایه ئه‌م دابه‌ش کردنه هه‌ڵه‌یه و نابێ هه‌موو شته‌کان به سه‌ر دوو ره‌نگی ره‌ش و سپی‌دا دابه‌ش بکه‌ین. منیش وه‌ک زۆربه‌ی دۆستان هیچکام له کامێنت نووسه ناو خوازاروه‌کان ناناسم. ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سه‌ی له سه‌ره‌وه باسم کرد و به مام سڵه‌مان ناوی بردووم ، نازانم له‌م نزیکه‌ی بیست که‌سه‌ی ئه‌وکات پێکه‌وه کارمان کرد، کامه‌یانه.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش که وێبلاگ شوێنی هه‌ڵگرتنی بابه‌ت و یادداشته تاکه‌که‌سیه‌کانه، ئه‌وه بۆچوونێکی دروست نییه.
بۆ هه‌ڵگرتنی بابه‌ته شه‌خسییه‌کان له سه‌ر ئینترنێت شوێنی دیکه زۆرن. بۆ نموونه جی‌مه‌یل شوێنێکی تایبه‌تی وه‌ک هاردێکی مه‌جازی له سه‌ر ئینترنێت بۆ به‌کاربه‌ران ته‌رخان کردووه و له خاوه‌نه‌که‌یشی زیاتر که‌سی دیکه نابینێت.
ئێستا زۆر له‌و کتێب و نووسراوانه که له به‌شی رۆژنامه‌وانیی زانستگاکانیش ده‌خوێندرێن، وێبلاگنووسهکان وه‌ک رۆژنامه‌نووس ده‌ناسێنن و وێبلاگه‌کانیش وه‌ک رۆژنامه سه‌یریان ده‌کرێت.
وێبلاگ نووسی جۆرێک له رۆژنامه‌نووسیی سایبێره که تیایدا سه‌رنووسه‌ر و ئیدیتۆر و به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین و هه‌ر چه‌شنه سانسۆرێک هه‌ڵگیراوه و به که‌مترین تێچوون هه‌ر که‌سێک ده‌توانێ کاری رۆژنامه‌نووسیی له هه‌موو بواره‌کاندا تێدا ئه‌نجام بدات دوور له چاوی سانسۆڕی سه‌رنووسه‌ر و ده‌سه‌ڵات و هه‌موو ئاغا و کوێخایه‌ک بابه‌تی خۆی بڵاو بکاته‌وه ته‌نانه‌ت وه‌ک کاک حه‌مه‌ساڵه ده‌نگی خه‌ڵک به گووز و گۆرانیش بشوبهێنێت که یه‌که‌میان ده‌نگ و بۆنی ناخۆشه و دووهه‌میشیان به پێی حه‌ز و تاسه‌ی بیسه‌رکه‌ی رێژه‌ی خۆشی و ناخۆشییه‌که‌ی له به‌رزی و نزمی دایه.
به جۆرێکی دیکه ده‌کرێ بڵێن کاری رۆژنامه‌نووسیی ئێنترنێتی به چه‌شنێکه که له دونیای مه‌جازیی وێبدا ده‌کرێ بێ له‌مپه‌رتر له دونیای ده‌ره‌وه چالاکی رۆژنامه‌نووسی بکرێت. ئه‌م به‌شه له پێشکه‌وتن و ته‌کنۆلۆژیا ئه‌گه‌رچی ئاسانکارییه‌کی زۆری بۆ مررڤ کردووه، به‌ڵام خه‌ساریشی به هه‌ندێ شت گه‌یاندووه. بۆ وێنه ده‌کرێ که‌سانێک ئه‌گه‌ر پێیان خۆش بێت، له په‌ڕێنه‌وه له دونیای واقیعه‌وه بۆسه‌ر ئه‌م جیهانه مه‌جازییه ناوی خۆیان بگۆڕن. به بڕوای خۆم ئه‌و که‌سه‌ی له‌و به‌ستێنه‌دا چ به وتار‌و چ له چوارچێوه‌ی کامێنته‌کاندا به ناوی خوازراو شت بڵاو ده‌کاته‌وه، نابێ بایه‌خێکی که‌متری پێ‌بدرێت. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر خاوه‌نی ده‌نگه‌که ترسنۆک و نه‌وێریش بێت، ده‌نگه‌که گه‌یه‌ندراوه و بۆ ئه‌و که‌سه‌ی له سه‌ری ده‌نووسرێت ده‌سکه‌وتێکی باشه و به‌م هۆیه ده‌توانێ زیاتر جێگه‌و پێگه‌ی خۆی له لای هه‌موو که‌سه‌کان هه‌ست پێ بکات. ئه‌وه‌ی راستی بێت له جیهانی واقیعدا درۆ و دووڕوویی و ته‌زیویر زۆر زیاتره. ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، ئه‌وانه‌ی له سه‌ر ماڵپه‌ڕو وێبلاگه‌کان ئه‌وه هه‌مۆ (ماشه‌ڵا) وتار و کامێنت و بۆچوونه جۆراوجۆرانه ده‌نووسن، له جیهانی واقیعدا ملیان پان نه‌ده‌کرده‌ووه به درۆ به به‌ژن و باڵای به‌رانبه‌ره‌که‌یان هه‌ڵنه‌ده‌گوت.
به گشتی دیاره له که‌ش و هه‌وای له راده‌به‌ده‌ر دێموکراتیکی ئینترنێت دا ناکرێت پێش به نووسینی هیچکه‌س بگیرێت و هه‌موو که‌س به زانا و نه‌زان و ئاگادار و بێ ئاگاوه ئه‌سپی خۆی لینگ ده‌دات. ئه‌گه‌ر وێبلاگه‌که‌ی کاک سوله‌یمانیش نه‌بێ، هه‌موو که‌س ده‌توانێ وێبلاگێک بکاته‌وه و بیر و بۆچوونی خۆی تێدا بڵاو بکاته‌وه.
به بڕوای من ته‌نیا رێگا چاره ئه‌وه‌یه ئاوێک بین به‌م به‌رد تێگرتنانه شلوێ نه‌بین و به ئارامی هه‌موو تێبینیه‌کان بخوێنینه‌وه و به رێزگرتن له به‌رانبه‌ره‌کانمان رێزی زیاتر له خۆمان بگرین و له هه‌مان کاتدا ناچارین ئه‌و ئه‌سڵه‌ی دیموکراسی قبوڵ بکه‌ین که ده‌نگه‌کانن بۆمان دیاری ده‌که‌ن ئێمه چه‌ندین و له چ ئاستێک داین. جا ره‌نگه ده‌نگه‌کانیش هه‌ندێ جار به هه‌ڵه دابچن. گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌م که‌ش و هه‌وایه وامان لێده‌کات له مه‌یدانه‌کانی سیاسه‌ت، په‌یوه‌ندیی کۆمه‌ڵایتی، ئه‌ده‌بیات وهتد دا هه‌ستیارتر و هوشیارانه‌تر هه‌نگاو بنێین و هه‌میشه ده‌سه‌ڵاتی ده‌نگی خه‌ڵک وه‌ک مۆته‌که له‌سه‌ر سه‌رمان بێت. با به رۆحێکی کراوه‌تر و رێزگرتن له به‌رانبه‌ره‌کانمان وه‌ڵامی یه‌کتر بده‌ینه‌وه، ئه‌گه‌ر وابکه‌ین که‌سانی زمان شڕ و جنێۆ فرۆش و دووڕوو که هه‌موومان ده‌زانین به ئه‌ژمار زۆریش که‌من، واز دێنن و ده‌زانن لێره‌شدا جێگایان نابێته‌وه.