یادداشت
یادداشتێک له سه‌ر چیرۆکی تارا
سلێمان دڵسۆز
"تارا"، وه‌ک زۆربه‌ی چیرۆکه‌کانی دیکه‌ی حه‌سۆ، هه‌ر له یه‌که‌م دێڕه‌کانه‌وه ده‌ریده‌خات که چیرۆکێکی سیمبۆلیکه. خوێنه‌ر هه‌ر به یه‌که‌م نیگا ده‌زانێت "ئه‌سپه کوێت" و "کۆتری سپی مل به خاڵی سوور" و "سێوی سووری ده‌ستی زاوا" ره‌مزن بۆ مانای تر. که‌واته چیرۆک‌نووس به مه‌به‌ستی خۆی که گه‌یاندنی په‌یامێکه گه‌یشتووه.
به‌ڵام ئایا چیرۆکی سیمبۆلیک بۆی هه‌یه هه‌ر له روخساری یه‌که‌می خۆیدا سیمبۆله‌کانی ده‌ربخات؟ یان با بڵێین ئه‌گه‌ر چاوپۆشی له ره‌مزبوونی گوزاره‌کانی نێو چرۆکه‌که بکه‌ین ئایا ئه‌و چیرۆکه ده‌توانێ مه‌نتقی داستانیی خۆی بپارێزێت؟
با بۆ چه‌ند ساتێک سیمبۆلیک بوونی ئه‌و چیرۆکه نادیده بگرین. له‌و حاڵه‌ته‌دا چه‌ند پرسیاری جددی له به‌رده‌م مه‌نتقی بوونی رووداو و وجوودی گوزاره‌کان قوت ده‌بنه‌وه:
باشه زاوا مادام ئه‌سپه کوێت له پشت حه‌وشه چاوه‌ڕێی ده‌کات و ده‌زانێت بۆ به‌یانی ده‌بێ له "بستووی سوڵتان" ئاوا بێت، بۆ کچێک بێوه‌ژن ده‌کات؟ بووکی به‌ستزمان تاوانی چییه که زاوا به دوای ئامانجێکدا ده‌ڕوات؟
خاڵی وردی ملی کۆتره سپی له‌و حه‌وایه و له کاتی هه‌ڵفڕین و ته‌قڵه لێداندا چۆن دیترا؟
به چ مه‌نتقێکی داستانی تارای سووری بووک سپی هه‌ڵگه‌ڕا؟
من ناڵێم ئه‌و گۆڕانه له چیرۆکدا ئیمکانی نیه. با ئیمکانی هه‌یه، به مه‌رجێک زه‌مینه‌ی بۆ خۆش بکری و قابیلی باوه‌ڕپێکردن بێت. بۆ وێنه ده‌کرا به‌فر ببارێت و تارایه‌که سپی هه‌ڵگێڕێت، یا هه‌ر گوزاره‌یه‌کی دی.
ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت ئه‌وه منی موکریانیم که ده‌زانم تارای بووک سووره و هی بێوه‌ژن سپی. زانیارییه‌ک چونکه له ده‌ره‌وه‌ی چیرۆکه و به ناوچه‌یه‌که‌وه به‌نده ده‌شێت بۆ خوێنه‌رێکی بێ ئاگا له‌و نه‌ریته ببێته گرێپووچکه. له چیرۆکی جیهانیدا کاتێک که‌ڵک له دابونه‌ریتێکی ناوچه‌یی وه‌رده‌گیرێ به شێوه‌یه‌ک له خودی ده‌قه‌که‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌کرێت.
ئه‌وه‌ندی من بزانم کاتێک له چیرۆکێک‌دا ئه‌سپیێک هه‌یه، ده‌بێ به پله‌ی یه‌که‌م ئه‌سپێک بێت و هیچی تر که بۆ زه‌رووره‌تێکی داستانی به که‌ڵک بێت. جا ئه‌گه‌ر قه‌راره ئه‌و ئه‌سپه سیمبۆلیش بێت ئه‌وه خوێنه‌ر دواتر به پێی تێگه‌یشتنی خۆی مه‌دلوولی تری بۆ دروست ده‌کات.
"تارا" بیرۆکه‌یه‌کی جوانی هه‌یه و له فه‌زایه‌کی شاعیرانه‌دا ده‌ژیت. من "تارا"م زیاتر وه‌ک نیگارێکی خه‌یاڵاوی دێته به‌ر چاو.
تــــارا
کورتیلە چیرۆک:کەماڵ حەسۆ-نه‌غه‌ده
حیلە حیلە ئەسپێکی کۆیت لە پشت حەساری ماڵەوە هەوای لە شایەران تێک دا.لاقی شایی گێڕان تێک هاڵا.دۆستانی زاوا بە پڕتاو هەڵاتنە پشت حەساری تا ئەسپە کوێتێ ڕاگوێزن.
کۆترێکی سپی،خاڵی سووری ورد لە مل،بە سەر حەسارێ دا هەڵدەفڕی،دەستی کرد بە تەقڵەلێدان.سێوی سوور لە دەست زاوا بەربۆوە.بووک لە بن تارای سوورەوە سەری هەڵێنا و چاوی لە زاوا بڕی،حەشیمەتیش نیگایان ڕەگەڵ نیگای بووکێ دا.نیگای زاوا بە دووی کۆتری سپی دا باڵی لێدەدا.بووکیان دابەزاند...
*
بەیانی پێش مەلابانگدانێ حیلەی ئەسپە کوێت دوو ئامێزی لێک ترازاند.
بووک بە گوێی زاوای دا چرپاند:
-کۆتر شومی پیسە.
زاوا وەدەرکەوت.کۆتری سپی لە گوێسوانە هەڵکورمابوو.حیلەی ئەسپەکوێت رۆژه رێیه‌ک دەڕۆیشت.زاوا سواری ئەسپە کوێت بوو.
کۆتر فڕی و ئەسپ بە دوای دا بە غار ڕێگای بڕی؛بووک لە سەربان ڕا دەیڕوانی یە سوار و لە بەر خۆیەوە دەیبۆپاند:
-کۆتر شومی پیسە.
دەهۆڵ و زوڕنا هەروا دەنگی دەهات. کۆتر و سوار لە بستووی"سوڵتان"ئاوا بوون...هەوای دەهۆڵ و زوڕنا گۆڕا.
ڕەنگی تارای بووکێ سپی هەڵگەڕا!
سه‌رچاوه:.peshang.blogfa.com