چیرۆک
دەموچاو
ئالیس مونرۆ
وەرگێڕانی: سلێمان دڵسۆز
من دڵنیام بابم تەنیا جارێک سەیری کردم و بەڕاستی بینیمی. دوای ئەوە دەیزانی دەبێ چاوەڕوانی چیی بێ. ئەودەم پیاویان ڕێ نەدەدان بچنە ئەو ژوورە ڕووناکانەی منداڵبوون کە ژنی زاو لەوێدا گریانی خۆیان لە ئەوکیاندا قەتیس دەکرد یان لە تاو ئازار بە بانگ و سەڵا دەگریان. پیاوان تەنیا کاتێ دەچوونە سەردانی ژنەکانیان کە جوان و زەریف و لەسەرحاڵ، لە ژێر پەتۆی ڕەنگاوڕەنگدا لە قاوش یان ژووری تایبەت و نیوەتایبەتدا ڕاکشابوون. دایکی من ژووری تایبەتی هەبوو، چونکە پێگە کۆمەڵایەتییەکەی لە شاردا وای دەخواست و لەبەر ئەوەی وا دواتر ڕوویدا هەر چاکیش بوو ژووری تایبەتیی هەبوو.
نازانم بابم پێش ئەوەی لە پشت شووشەبەندی ژووری ساوایان ڕابوەستێ و بۆ یەکەم جار چاوی پێمبکەوێ دایکمی دیتبوو یان نا. بەڵام پێموایە دوای ئەوەی چاوی بە من کەوت ئینجا چووە لای دایکم و دایکم کە زرمەی پێی ئەوی لە پشت دەرگاوە بیست تووڕەبوونی تێدا هەست پێکرد بەڵام بە باشی نەیدەزانی هۆی تووڕەبوونەکەی چییە. دایکم هیچ نەبێ کوڕێکی بۆ هێنابووە سەر دنیا. ڕووداوێک کە دەبوو هەموو پیاوێکی پێ خەنی بێ.
من دەزانم بابم چیی بە دایکم گوت، یان هیچ نەبێ لە زمانی دایکم بیستوومەتەوە کە چی پێگوت.
ـ ئەو دەموچاو دافەتاوە چییە؟
دواییش: نەکا بخەڵەتێی دەگەڵ خۆت بیهێنیەوە ماڵێ، ها!
لایەکی دەموچاوم بەڵای لێ نەبوو ـ نییە. بەندەنیشم ئەوی دی لە نووکی پێمەوە تا سەر شانم عەلەمی لێ نەبوو. بەژنم ٥٣ سانتیم و کێشم ٣ کیلۆ و ٨٠٠ گرام بوو. کوڕێکی شلوشەوێقی سپیلکۆکە، هەرچەند بە هۆی سەفەری سەخت و دژوارم بۆ ئەم دنیایە هێشتا کەمێک سوور هەڵگەڕابووم.
پەڵەکەی سەر دەموچاوم سوور نەبوو، زیاتر مۆر بوو. بە ساوایی و منداڵی مۆری تۆخ بوو، بەڵام کە گەورەتر بووم تاڕادەیەک کاڵ بووەوە. دیارە هەرگیز ئەوەندە کاڵ نا کە نەبیندرێ و یەکەم شت نەبێ کە کەسێکی کە لە لای چەپەوە بۆ لام دەهات تووشی حەپەسان بکا. دەتگوت ترێیان لە سەر دەموچاوی توڵخاندوومەوە و پەڵەیەکی گەورەیان تێکردووە کە تەنیا کاتێک دەگاتە ملم دەبێ بە دڵۆپێک ئاو. پەڵەیەک کە دوای ئەوەی پێڵوویەکی چاوی تەواو داپۆشیوم کشاوەتەوە سەر لووتم.
ـ بەڵام بووەتە هۆی ئەوە کە سپێنەی چاوانت سپی و گەشتر بنوێنن.
ئەمە یەکێک لە قسە بێماناکانی دایکم بوو، کاتێک هەوڵی دەدا یارمەتیم بدا خوو بە نوقسانییەکەمەوە بگرم.
دەکرا بزانی بۆ وا دەڵێ و سەیر لەوەدا بوو وەهای خستبوومە ژێر پەڕ و باڵی خۆی، چی گوتبا ئەمن بڕوام پێدەکرد.
دیارە بابم نەیدەتوانی کارێکی وا بکا نەهێڵێ بمبەنەوە ماڵێ و حزووری من، بوونی من، درزێکی قووڵی خستە نێوان دایکم و بابم. هەرچەند بڕوا کردنەکەی بۆ من سەختە کە پێشتریش هیچ درزیان لە نێواندا نەبووبێ. پێموایە قەت دانوویان پێکەوە نەکوڵاوە، یان هیچ نەبێ نێوانیان ساردوسڕ بووە. بابم پیاوێکی خوێندەوار بوو کە خاوەنی دەبباغییەک و دواتر کارخانەی دەستەوانان بوو. سامانەکەی لە سەدەی بیستەمدا بەرە بەرە لە کورتیی دا، بەڵام ئێمە هێشتا لە خانووبەرەیەکی گەورەدا دەژیاین کە باپیرم ئاوای کردبوو و ئاشپەز و باخەوانمان هەبوون. بابم چووبووە زانکۆ و ئەندامی سەندیکایەک بوو و دواتر کە دۆخی کارخانەکەی زۆر باش نەبوو، چووە ناو ئیشی بیمەوە. هەروا کە لە زانکۆ خۆشەویست بوو لە ناو شاریش هەموو کەس خۆشی دەویست. یاریزانێکی لێهاتووی "گۆڵف" و بەلەمەوانێکی کارامەش بوو. (لەبیرم چوو بڵێم ئێمە لە ماڵێکی شێوازی سەردەمی ڤیکتۆریادا دەژیاین کە لە سەر ڕەوەزە بەردێکی ڕووەو خۆرئاوا چێ کرابوو و بە سەر دەریاچەی هۆرندا دەیڕوانی.)
دیارترین تایبەتمەندیی بابم توانای ئەو بۆ ڕقلێبوونەوە و گاڵتەجاڕی بوو. ئەو دوو کردارە زۆربەی کات پێکەوە بوون. ڕقی لە بەعزە خواردنێک، بەعزە مارکێکی ماشێن، مۆسیقایەک، شێوە قسەکردنێکی خەڵک، مۆدێلێکی جلوبەرگ، هێندێک کۆمێدیەنی ڕادیۆ و دواتر کەسایەتییەکانی تەلەڤزیۆن بوو و گاڵتەی پێدەکردن.
لە ڕاستیدا لە شارەکەماندا لە ناو هاوڕێیانی بەلەمەوانیی یان ڕەفیقەکانی سەندیکایدا کەم وا هەبوو کەس دژی بۆچوونەکانی بێ. پێموایە ئەو بە گەرموگوڕی و تووڕەیی دوانەی بووبوو بە هۆی ئەوە کە قسەکانی تا ئەو ڕادەیە تاڵ بن و لە هەمان کاتدا ببنە جێی ستایشی هاوڕێکانی.
ئەو کاتانە بەوە ناسرابوو کەسێکە کە ڕەپوڕاست قسەی خۆی دەکا.
دەی خۆ دیارە بوونەوەرێکی وەک من سووکایەتییەک بوو بە ئەو کە هەموو ڕۆژێ کە دەرگای ماڵێی دەکردەوە دەبوایە لووتی بە لووتیدا بتەقێ. بەرچایی بەتەنێ دەخوارد و بۆ نیوەڕۆیەش نەدەهاتەوە ماڵێ. دایکم ئەو دوو ژەمەی دەگەڵ من دەخواردن و شەوانەش نیوێکی نانی دەگەڵ من و نیوەکەی دیکەی دەگەڵ بابم دەخوارد. پێموایە لەسەر ئەوە لێیان بوو بە قڕە و ئیتر دایکم بۆ شام دەگەڵ من دادەنیشت بەڵام نانەکەی دەگەڵ بابم دەخوارد.
ئاشکرایە کە بوونی من بە هیچ شێوەیەک یارمەتیی پێکهاتنی ژیانێکی هاوبەشی بەختەوەرانەی نەدەدا.
بەڵام لە جێدا چۆن بوو کە ئەوان پێکەوە دەژیان؟ دایکم نەچووبووە زانکۆ، پارەی قەرز کردبوو و چووبووە قوتابخانەی پەروەردەی مامۆستایانی سەردەمی خۆی. زراوی لە بەلەمەوانی چووبوو و ئەوی تێینەدەگەیی "گۆڵف" بوو. ئینجا ئەگەر بەوجۆرەی دەیانگوت جوان بووبێ (ڕادەربڕین لەبارەی جوانیی دایکانەوە ئاسان نییە) بەڕاستی سەر و پۆتەڵاکی لە هی ئەو ژنانە نەدەچوو کە بە دڵی بابم بوون. بابم بە هێندێک ژنانی دەگوت "دڵڕفێن" یان دواتر کە پیر بووبوو "نازدار". دایکم ماتیکی لە لێو نەدەدا. ستیانی وای دەبەست کە مەمکی زۆر دیار نەبوو. قژی دەهۆندەوە و لە سەر تەپڵی سەری دەبەست کە ناوچاوانە سپییەکەی هەڵکشاوتر نیشان دەدا. جلەکانی هەمیشە مۆدبەسەرچوو و بە جۆرێک فشوفۆڵ بوون. یەکێک لەو ژنانە بوو کە دەشێ بە بەرمووری مروارییەوە بیانهێنیە پێش چاوی خۆت. هەرچەند پێم وا نییە هەرگیز بەرمووری هەبووبێ.
شتێکی کە پێموایە دەمەوێ دەریبڕم ئەوەیە کە من بووبووم بە زەمینەخۆشکەری دەمەقاڵەی هەمیشەیی ئەوان. لەوانەشە بەختیان یار بووبێ کە بیانوویەکی لەباریان بۆ پێکهەڵپڕژان دەست کەوتبوو، گرفتێکی جیددی کە کێشەکانی دیکەیان لە چاو ئەوە هەر چ نەبوون و دۆخێکی وای بۆ ڕەخساندبوون کە بە ئاسانی ملیان لە شەڕە دندووکە دەنا. بە درێژایی ئەو ساڵانەی وا لە شارەکەی خۆمان بووم هەرگیز نەمدی ژنێک تەڵاق بدرێ. لەبەر ئەوە وای بۆ دەچم زۆر ژن و مێردی دیکەش لە شارەکەمان هەبوون کە لە چوارچێوەی ماڵێکدا هەر کام بە جیا بۆخۆیان دەژیان. ژن و مێردی دیکەی واش هەبوون کە ملیان بەو ڕاستییە دابوو کە لەم دنیایەدا هێندێک وتە و کردار هەن هەرگیز نابەخشرێن و هێندێک بەربەست لە نیوان مرۆڤەکاندا هەن قەت لاناچن.
لە دۆخێکی وادا سیغارکێشان و مەشرووبخواردنەوەی لەتام بەدەری بابم شتێک نەبوو چاوەڕواننەکراو بێ. کارێک کە گەلێک لە هاوڕێکانی دەیانکرد و چ پەیوەندیشی بە دۆخی ژیانیانەوە نەبوو. هێشتا پەنجا و چەند ساڵی تەمەن بوو کە سەکتە (جەڵتە) لێیدا و دوای ئەوەی چەند مانگ لە سەر جێ کەوت مرد. ئاساییە دایکم هەموو ئەو ماوەیە خزمەتی کرد. کەچی بابم لە جیاتی ئەوەی دەگەڵی نەرمونیانتر بێ و سوپاسی بکا قسەی سووکیشی پێدەگوت. قسەی وا کە لەبەر ئەو حاڵە شڕەی تێیدابوو، باشیان لێ حاڵی نەدەبووی بەڵام بۆخۆشی و دایکیشم هەستیان بە تاڵوتفتییەکەی دەکرد و پێدەچوو هەر دووکیان بە دۆخەکە ڕازی بن.
لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی بابمدا ژنێکی سەرسپی پێی گوتم: دایکت قدیسەیەکە. دەستبەجێ ناخۆشم ویست. ئەودەم ساڵی دووهەمی زانکۆ بووم. نەچووبوومە نێو سەندیکاکەی بابمەوە، تەنانەت لێیاننەگێڕابوومەوە بچم. هاوڕێکانم هەموو دەیانویست ببنە نووسەر یان ئەکتەر. هەرچەند ئەودەم هەموویان کاڵوکرچ بوون، کات بە فیڕۆدەری لێهاتوو، ڕەخنەگری سەختگیر و مەلعوونی وا کە تازە سەریان لە کۆمەڵگا وەدەرنابوو. هیچ ڕێزێکم بۆ کەسێک نەبوو کە وەک قدیسان بجووڵیتەوە. ئەگەر بمەوێ ڕاستگۆ بم تەنانەت دایکیشم هەوڵی نەدەدا وا بێ. فڕی بە سەر هیچ چەشنە بیروباوەڕێکی مەزهەبی و مەعنەوییەوە نەبوو، بۆیە کە دەچوومەوە ماڵێ هەرگیز داوای لێنەکردم بچمە ژووری باوکم یان هەوڵ بدا پێکەوەمان ئاشت بکاتەوە. دایکم گەمژە نەبوو.
تا بوومە نۆ ساڵان هەموو ژیانی خۆی بۆ من تەرخان کرد، وشەیەک کە شتاقمان بەکارمان نەهێنا بەڵام پێم وایە پڕبەپێستی خۆیەتی. بۆخۆی دەرسی پێگوتم و دوایەش ناردمیە قوتابخانە. وا دێتە بەر چاو کە ئەم کارە ببێتە هۆی کۆمەڵێک سەرئێشە. منداڵێکی زرت و زەلامی لاچاو مۆر لە نەکاوێک بکەوێتە ناو کۆمەڵێک دەم بە تەشەری دڵڕەق و بێبەزەیی. بەڵام لە ڕاستیدا لە قوتابخانە بە هیچ شێوەیەک ناخۆشم لێنەگوزەرا و تا ئێستاش هۆیەکەی بە چاکی نازانم. لە چاو تەمەنم بەخۆوەتر و بەهێز بووم و لەوانەیە هەر ئەمە یارمەتیی دابم. دەگەڵ ئەوەشدا پێموایە ئەو کەشوهەوایەی لە ماڵەوە هەمانبوو، ئەو کەشوهەوا پڕ لە شەڕ و ئاژاوەیە کە لە وجوودی زۆربەی کات بزری باوکمەوە سەرچاوەی گرتبوو، بووبووە هۆی ئەوە کە ژیانی هەموو شوێنێکی ترم لا ئاسان و مەنتیقی بێ. وەنەبێ لە قوتابخانە هەموو دەگەڵم میهرەبان بووبن. نێو و نرتکەیەکیشیان لێنابووم: "کەرە لاچاو مۆر". بەڵام خۆ کەم منداڵ هەبوون ناوونرتکەیێکی وای بەسەردا نەسەپابێ. کوڕێک کە هەمیشە لاقی بۆنی لێدەهات و پێدەچوو بە ساڵیش ڕێگای نەکەوێتە حەمام کە پێیان دەگوت "بۆگەنیو" هەر تەقەشی لە سەری نەدەهات. منیش زۆرم گوێ لێنەبوو. نامەی تەنزاویم بۆدایکم دەنووسی و دایکیشم بە قۆشمەییەوە وەڵامی بۆ دەنووسیمەوە و باسی ڕووداوەکانی شار و کڵێسەی بۆ دەکردم. وە بیرمە باسی دەمەقاڵەیەکی بۆ نووسیبووم کە لەسەر بەشکردنی ساندەویجان لە میواندارییەکی ئێوارەدا لێیان پەیدا بووبوو. تەنانەت دەیتوانی بە ڕووخۆشی و ڕاوێژێکی قۆشمانەوە نەک تاڵ باسی بابم بکا کە لە نامەکانیدا بە "ڕێزدار" ناوی دەبرد.
تا ئێستا جۆرێکم نووسیوە وەک بڵێی بابم دێو و درنجی چیرۆکەکە و دایکم فریشتەی نەجات و چەتری سەری من بووبێ و لە ڕاستیدا هەر واش بوو. بەڵام تەنانەت بەر لەوەی بچمە قوتابخانە ئەوان تەنیا کەسانی نێو چیرۆکەکەم نەبوون و ماڵەوە تاقە شوێنێک نەبوو ئەمن شارەزای بم. بەسەرهاتێک کە لەمێژساڵە بە کارەساتی گەورەی ژیانمی دەزانم کەسێکی دیکەشی تێدا بوو.
کارەساتی گەورەی ژیانم. لە نووسینی ئەو دەستەواژەیە شەرم دەکەم و نیگەرانم لەوەی وەک گاڵتە یان جۆرێک خۆپەرستی بێتە بەر چاو. ڕەنگە جوان نەبێ ئاوا سەیری ژیانی خۆم بکەم و لێی بدوێم کاتێک کە بۆخۆم ڕێگای گوزەرانی ژیانمم دیاری کرد.
من بوومە ئەکتەر. پێتان سەیر بوو؟ لە زانکۆ ڕەگەڵ کەسانێک کەوتم کە دە کاری شانۆدا بوون و ئاخیر ساڵ شانۆیەکم دەرهێنا. تەنزێکم دروست کردبوو کە چۆن بتوانم جۆرێک ڕۆڵ بگێڕم کە لە هەموو ماوەی نمایشەکەدا لا ساغەکەی دەموچاوم ڕووی لە تەماشاکەران بێ و ئەگەر پێویست بوو لە سەر شانۆ پاشەوپاش بکشێمەوە. بەڵام هەرگیز نەخشەکە سەری نەگرت.
ئەودەم بەردەوام لە ڕادیۆی نیشتمانیدا شانۆ پێشکەش دەکرا و پرۆگرامێکی بەناوبانگیش ئێوارەی یەکشەممان بڵاو دەکرایەوە. شانۆگەریی لە سەر بنەمای بەرهەمەکانی شکسپیەر و ئیبسن. من دەنگم هەر بە خۆڕسک نەرم بوو و دوای کەمێک پەروەردە باشتریش بوو. سەرەتا هێندێک ڕۆڵی کورتیان دامێ. بەڵام کاتێ تەلەڤزیۆن بوو بە هۆی ئەوە کە پرۆگرامەکە بە تەواوی دابخرێ من هەموو حەفتەیەک بەرنامەی خۆم هەبوو و گوێگری تامەزرۆ بە ناو دەیانناسیم، هەرچەند بەرنامەکە گوێگرێکی واشی نەبوو.
کاتێک سەردەمی ئەکتەریم بەسەرچوو، بە هۆی دەنگمەوە بە ئاسانی توانیم کارێک وەک بێژەر بدۆزمەوە، سەرەتا لە وینپینگ و دواتر لە تۆرنتۆ. بیست ساڵی دوایی تەمەنی کاریم بێژەری بەرنامەی گوڵبژێرێک لە گۆرانی و مۆسیقا بووم کە هەموو پاشنیوەڕۆیەک بڵاو دەکرایەوە. وەک زۆربەی گوێگران بۆی دەچوون من گۆرانییەکانم هەڵنەدەبژاردن. سەلیقەیەکی مۆسیقایی ئەوتۆم نەبوو. بەڵام ڕاوێژی کەمێک قۆشمانەم وای کردبوو کەسایەتییەکی قابیلی قەبووڵ بم. نامەی زۆرمان بۆ دەهات. هی ئەو پیرانەی لە ماڵێدا بە تەنێ دەژیان، نابیناکان، شۆفیری جادەی نێوان شار و شاخان، کابانی ماڵەوە کە بە درێژایی ڕۆژ بە تەنێ خەریکی چێشت لێنان و ئوتووکردن بوون و ئەو جووتیارانەی لە ناو ترەکتۆرەکانیاندا تا چاو هەتەر دەکا زەوییان دەکێڵا یان بانگوێڕیان دەکرد، لە سەرانسەری وڵاتەوە.
کاتێ دواجار خانەنشین بووم گوێگرانی بەرنامەکە بە دڵ پەرۆش بوون.
دەیانگوت دەڵێی ئەندامێکی بنەماڵە یان هاوڕێیەکی نزیکی خۆیان لە دەست داوە. خەمی ڕاستەقینەیان دیارە لەبەر ئەوە بوو کە بەرنامەکەی ڕادیۆ ئیدی مەودایەکی دیاریکراوەی ڕۆژەکەی بۆ پڕ نەدەکردنەوە. لەو کاتەی ڕۆژدا ئەوان بێبەرنامە نەبوون و لە بەر ئەوە پڕ بە دڵ سوپاسگوزار بوون و من بەو هەموو ڕێز و خۆشەویستییە شەرمەزار دەبووم و بەوپەڕی سەرسوڕمانەوە هەستی منیش شتێک بوو وەک هەستی ئەوان. کاتێ هێندێک لەو نامانەم دەخوێندنەوە دەبوو ددان بەجەرگمدا بگرم تا لە قوڵپی گریان نەدەم.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بیرەوەریی من و بەرنامەکەم زۆر زوو کاڵ بووەوە، بەرنامەی تر و هۆگریی تر جێگای ئەویان گرتەوە. من بە تەواوی وازم لە پیشەکەم هێنا و ملم نەدا موناقەسەی خێرخوازی بەڕێوە بەرم یان وتاری هەست و سۆزاوی پێشکەش بکەم. دایکم چەند ساڵ بەرێ دوای تەمەنێکی دوورودرێژ و بەخێروبێر مردبوو بەڵام من ماڵی باوانم نەفرۆشتبوو. ئێستا خۆم ئامادە دەکرد بیفرۆشم و نامەیەکم بۆ کرێچیی ماڵەکە نووسی کە خانووەکە چۆڵ بکا. بڕیارم دا خۆم ماوەیەک لەو ماڵەدا بژیم تا کەمێک بە ماڵەکە و بەتایبەت بە حەوشەکەی ڕابگەم.
ژیانی گەورەساڵیم بە تەنێ تێپەڕ نەکرد. جگە لە گوێگرانی بەرنامەکەم هێندێک هاوڕێشم هەبوون. هێندێک ژنیش لە ژیانمدا بوون. هێندێک ژن خۆشیان لەو پیاوانە دێ کە پێیان وایە جێی پشتگیرین. هەوڵ دەدەن بە دەوری ئەو پیاوانەدا بێن و بچن بۆئەوەی خۆ نیشان بدەن. من بابەتی ئەو جۆرە کەسانە بووم. ژنێک کە چەندین ساڵ دۆستی نزیکم بوو لە ئیزگەی ڕادیۆکەمان سکرتێر بوو. ژنێکی میهرەبان و مەنتیقی بوو کە مێردەکەی بە چوار منداڵەوە بەجێی هێشتبوو. هێندێک ئاماژەی دابوون کە کاتێ دوا منداڵیشی پەڕەوازە بێ دەتوانین پێکەوە بژین. بەڵام کچە چکۆلەکەی هەرگیز ماڵە دایکی جێنەهێشت، منداڵی وە زگ کەوت و وردە وردە ئەگەری ژیانی هاوبەشمان و تا ڕادەیەک نێوانمان کاڵ بووەوە. کاتێ خانەنشین بووم و گەڕامەوە ماڵە کۆنەکەمان بە تەلەفۆن قسەم دەگەڵ کرد. بانگهێشتم کرد بێتە سەردانم. پاشان لە ناکاو بیستم کە خەریکە شوو دەکا و دەچێتە ئیرلەند. دەبوو خۆم زۆر چکۆلە بکەمەوە تا لێی بپرسم داخوا کچەکە و منداڵەکەشی دەگەڵ خۆی دەبا یان نا.
باخچەکە حاڵی شڕە. گژوگیا و بژار وڵاتی تەنیوە. گەڵای بە قەد چەترێک پان جێگای ڕێواسی حەفتا هەشتا ساڵە نیشان دەدن و ئەو پێنج شەش دارسێوەی ماون سێوی کرمێی چکۆڵەیان پێوەن کە وە بیرم نایەتەوە چ سێوێکن. هەر گۆشەیەکی بچووک کە خاوێن دەکەمەوە کۆمایەک دڕکوداڵ و چیلکەوچاڵ لە سەر یەک کەڵەکە دەبێ. ئینجا دەبێ پارە بدەم بۆئەوەی بێن و بیبەن؛ ئێستا ئیدی ناهێڵن لە نێو شار کەس دار و چرپی بسووتێنێ.
جاران باخەوانێک بە ناوی پیت وەک گوڵ بەو باخچەیە ڕادەگەیی. شۆرەتەکەیم بیر نەماوە. لاقێکی گێڕ بوو و لە دووی خۆی دەکێشا و هەمیشە ئەستۆی بە لایەکدا لار دەبووەوە. نازانم تەسادوف (دەعم)ی کردبوو یان سەکتە لێیدا بوو. لەسەرخۆ و بە دیقەت کاری دەکرد و هەمیشە بێتاقەت بوو. دایکم بە ڕاوێژێکی نیان و بەڕێزەوە دەگەڵی دەدوا، بەڵام ئەو هەرگیز لەبارەی ئەوەوە کە فڵان گوڵ لە کوێ بنێتەوە گوێی نەدەدا دایکم. ڕقی لە من بوو چون بە سێچەرخەکەم وە نێو باخچە دەکەوتم. لەوانەشە لەبەر ئەوەی من بە دەنگی نزم پێم دەگوت "پیت ئاوری بن کایە". نازانم ئەوەی لە کوێ فێر بووبووم، ڕەنگە لە شانۆیەکی کۆمیدی.
هۆیەکی دیکەش کە هەر ئێستا بیرم بۆی چوو و سەیرە پێشتر هەرگیز بیرم لێنەکردبووەوە، ئێمە هەر دووکمان لە ڕووی جەستەوە نوقسانێکمان هەبوو کە زۆر لە چاوی دەدا. لەوانەیە پێتان وا بێ کە گرفتی هاوبەش مرۆڤەکان لێک نزیک دەکاتەوە. بەڵام زۆربەی کات وا نییە. ڕەنگە لەبەر ئەوەی هەر کامیان گرفتێک دەخەنەوە بیری ئەوی دی کە بە تەنیا ئاسانتر دەکرێ لە بیری بکەی.
بەڵام دڵنیا نیم ئەو مەسەلەیە خۆم بگرێتەوە. دایکم هەموو شتێکی جۆرێک ڕێکخستبوو کە ئەمن زۆربەی کات لەجێدا دەموچاوم وە بیر نەبوو. دەیگوت لە ماڵەوە دەرسم پێ دەڵێ بۆئەوەی ئەو هەموو میکرۆبە، برۆنشیتەکەم خراپتر نەکا. نازانم بێجگە لە خۆم ئاخۆ کەس بڕوای بەو قسەیەی دەکرد یان نا. زەبروزەنگی بابم وەها سێبەری قورسی خستبووە سەر ئەو ماڵە کە بەڕاستی پێموانییە لە کەسانی دیکەی ماڵەوە زیاتر دە ناڕەحەتیدا بووبم.
لێرەدا هەرچەند دەزانم لەوانەیە قسەکانم دووپاتە بن دەبێ بڵێم پێموایە دایکم کارێکی چاکی دەکرد. جەخت کردنەوەی لەڕادەبەدەر لە سەر تاقە نوقسانە ئاشکراکەی من و گاڵتەپێکران و تەوس و پلار بیستن بەو هۆیەوە بەو منداڵییەوە و کاتێک شوێنێکم نەبوو خۆمی تێدا حەشار بدەم قورس لە سەرم دەوەستا. ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. مەترسیی سەرەکیی بۆ منداڵێکی کە گرفتێکی وەک منی هەبێ سەرنج و موحیبەت پێکردنی ساختەی لەڕادەبەدەرە نەک تەنیایی و دوورەپەرێزی. ئەودەم خەڵک لە خودایان دەویست شتێکی وایان دەست کەوێ پێی ڕابوێرن و دایکم ئەوەی باش دەزانی.
تا چەند دەیە لەمەوبەر و لەوانەشە زووتر موڵکەکەی ئێمە خانوویەکی دیکەشی تێدا بوو. کۆڵیتێکی بچووک کە پیت ئامرازەکانی دەوێ دەنان و کەلوپەلی لە کارکەوتوومان تێ دەخست تا دواتر بڕیار بدەین چییان لێبکەین. کۆڵیتەکە کاتێک کە ژن و مێردێکی گەنج بە ناوی جینی و فراس جێگای پیتیان گرتەوە تێکدرا. ئەوان ئامرازی پێشکەوتووی باخەوانییان لەناو بارهەڵگر (کامیۆن)دا دەگەڵ خۆیان دەهێنا. دواتر بوون بە باخەوانی پرۆفیشناڵ و منداڵەکانیان کە ئیدی مێرمنداڵ بوون بۆ دروونی چیمەن دەناردن و دایکیشم ئیدی تاقەتی نەبوو کارێکی دی بۆ باخچەکە بکا.
بەڵام با بگەڕێینەوە لای کۆڵیتەکە. ـ چاوت لێیە چۆن خەریکم خۆم لە گوتنی ئەسڵی ڕووداوەکە دەدزمەوە؟ـ سەردەمایێک بەر لەوەی کۆڵیتەکە ببێتە عەمبار، ماڵ بوو. سەرەتا ژن و مێردێک بە ناوی خانم و ئاغای بێل کە ئاشپەز و کاردار و باخەوان و شۆفیری داپیرە و باپیرم بوون لەوێدا دەژیان. باپیرم ئۆتۆمبێلێکی پاکاردی هەبوو بەڵام ئەوە چوو و ڕابرد فێری ماشێن لێخوڕین نەبوو. کاتێ ئەمن لەدایک بووم پاکارد و خێزانی بێل هەردووک سەردەمیان بەسەرچووبوو بەڵام هێشتا بەو خانووەمان دەگوت کۆڵیتی بێلەکان.
کە منداڵ بووم چەند ساڵێک ژنێک بە ناوی شێرۆن ساتێل دەگەڵ نانسیی کچی لە کۆڵیتی بێلەکاندا دەژیان. شێرۆن دەگەڵ مێردەکەی کە دوکتور بوو و یەکەم نۆڕینگە (مەتەب- عیادە)ی لە شارەکەمان کردبووەوە، هاتبوونە شارەکەمان و ساڵێکی پێنەچووبوو کە شووەکەی بە ژەهراوی بوونی خوێن مردبوو. شێرۆن بە خۆی و کچە چکۆلەکەیەوە لە شارەکەی ئێمە مایەوە، چونکە نە پارەی هەبوو نە خزموکەس؛ یانی کەسی وای نەبوو ئاگای لێبێ. تا ئەوەی لە نووسینگەی بیمەی باوکم دامەزرا و ماڵی هاتە نێو کۆڵیتی بێلەکان. چاکم وە بیر نییە ئەوە کەنگێ بوو. یەکەم جار کە نانسیم دی چەند ساڵان بوو؟ ڕەنگبێ هەر تاقە سێ ساڵ بووبێ، یان زۆر ڕێی تێدەچێ چوار ساڵ. شەش مانگ لە من بچووکتر بوو. بەڵام ماڵگوێزتنەوەکەیانم بە بیر نییە و هەروەها ئەو کاتەش کە کۆڵیتەکە چۆڵ بوو هیچم بیر نەماوە. ڕەنگی پەمەیی تۆخیان لە دیوارەکانی دابوو و من هەمیشە پێموابوو کە خاتوو ساتێل ئەو ڕەنگەی هەڵبژاردووە، پێموابوو ئەو ناتوانێ لە ناو خانوویەکدا بژی کە ڕەنگێکی دیکەی ببێ.
ئاشکرایە ئەمن پێمدەگوت خاتوو ساتێل بەڵام بە پێچەوانەی زۆربەی ئەو خانمانەی کە دەمناسین ناوی بچووکیشم دەزانی. ئەودەم شێرۆن ناوێکی ئاسایی نەبوو و لە زەینی مندا پەیوەندی بە یەکێک لەو سروودە ئایینیانەوە هەبوو کە لە حوجرەی یەکشەممان فێری بووبووم. دایکم ئیزنی دابووم یەکشەممان بچمە حوجرەی کڵێسە چون لە نزیکەوە چاویان بە سەرمانەوە بوو و زەنگی پشوومان نەبوو. لە ڕووی دەقێکەوە کە دەکەوتە سەر پەردەی بەرامبەرمانەوە سروودی ئایینیمان دەخوێندەوە و وای بۆ دەچم کە ئێمە تەنانەت بەر لەوەی فێری خوێندنەوە بین لە ڕووی ئەو وێنانەوە کە دەکەوتنە سەر پەردەکە تاڕادەیەک وشەی شێعرەکەمان دەناسینەوە.
ئەی جۆگەلەی سێبەری "سیلما"ی فێنک خوڕەت بێ
سوێسن و هەڵاڵە چ جوان دەڕوێن
بەرامەی داوێنی گرد چ شیرینە
بە گوڵەباخی ئاونگ لێ نیشتووی "شێرۆن"
لەڕاستیدا پێم وا نییە گوڵەباخێک لە سەر پەردەکە بووبێ. بەڵام دەگەڵ ئەوەشدا ئەمن دەمبینی ـ دەیبینم ـ گوڵێکی پەمەییی کاڵ کە ڕەنگ و بۆنەکەی جۆرە پەیوەندییەکییان بە ناوی "شێرۆن"ەوە هەبوو.
مەبەستم ئەوە نییە بڵێم دڵم چووبێتە شێرۆن ساتێل. کاتێک زۆر بچووک بووم و هێشتا بۆنی شیری خاوم لە زاری دەهات دڵم چووبووە کچی خزمەتکارەکەمان کە وەک کوڕان هەڵسوکەوتی دەکرد. نێوی بەسێ بوو و بە کالیسکەکەی دەیگێڕام و لە پارک هێندە توند پاڵی پێوە دەنام کە تەقریبەن دەگەیشتمە ئاستی میلەی سەرەوەی جۆلانەکە. دوای ئەویش دڵم چووە دەستەخوشکێکی دایکم کە کۆتی یەخە مەخمەری دەکردە بەر و دەنگێکی هەبوو کە پێموایە پەیوەندیی بەو یەخەوە هەبوو. شێرۆن ساتێل لەو ژنانە نەبوو کەس ئاشقی بێ. دەنگی مەخمەری نەبوو و زۆری ڕوو نەدەدامێ. لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووهەمدا هێشتا مۆدیلی قژی، کورتی چەترئاسای لوول بوو. ماتیکی سووری گەشی بریقەداری لێدەدا؛ وەک ئەو ئەکتەرانەی کە لە دەوروپشتی ماڵەوەمان پۆستەرەکانیانم دیتبوو. لە ماڵەوەش کیمینۆیەکی لەبەر دەکرد کە پێموایە وێنەی کاڵەوەبووی باڵندەیەکی لەسەر بوو ـ لەقلەق ؟ ـ کە بە قاچە درێژەکانی خۆیم بیر دەکەوتەوە. زۆربەی کات لە سەر کاناپە ڕادەکشا و جگەرەی دەکێشا و جار هەبوو بۆ ئەوەی ئێمە یان خۆی سەرقاڵ بکا قاچە درێژەکانی دە هەوا هەڵدەکردن و سۆلە پەڕەکانی لە شتێک دەگرتن. کاتێ لە ئێمە تووڕە نەبا دەنگی بۆڕ و وشک بوو. وە نەبێ ڕاوێژەکەی دۆستانە نەبێ، بەڵام بە هیچ شێوەیەکیش بە نەرمونیانی و ئاقڵانە و بە وردی قسەی مرۆی پەسند نەدەکرد، وەها کە ئەمن چاوەڕوانیم لە دایکێک هەبوو.
بە ئێمەی دەگوت داماوی حەپۆل.
ـ هۆ داماوی حەپۆل وەدەر کەون و لێبگەڕێن کەمێک ئاسوودە بم.
هاوکات کە ئێمە خەریک بووین ماشێنەکانی نانسیمان لە سەر عەرز پاڵپێوە دەنا ئەو تەپڵەکەکەی لەسەر ورگی دادەنا و لە سەر کاناپە ڕادەکشا. لەوە زیاتر چەندەی ئاسوودەیی دەویست؟
ئەو و نانسی لە کاتژمێری ناوەختدا چێشتی نائاساییان دەخواردن. کە دەچووە متبەخ بۆ ئەوەی خواردن بۆخۆی بێنێ قەت شەگەڵات یان چڵەی بۆ ئێمە نەدەهێنا، بەڵام لەو لاوە نانسی ئیزنی هەبوو بە کەوچک لە قودووی کۆنسێرڤدا سووپی وا بخوا کە وەک پۆدینگ خەست بوو و دەیتوانی لە ناو کارتۆنەکەوە بە لوێچان چیپس دەربهێنێ.
شێرۆن ساتێل حەزی لە بابم دەکرد؟ لەبەر ئەوە بابم کار و خانووی بەخۆڕایی دابوویێ؟
دایکم بە میهرەبانییەوە دەگەڵی دەدوا و زۆربەی کات باسی بێبەختی و مردنی مێردەکەی دەکرد. دایکم بە خزمەتکاراندا توودڕک یان پەتاتە و لۆبیای پاککراوی بۆ دەناردن کە هی باخچەکەی خۆمان بوون. بەتایبەت لۆبیاکانم چاک لە بیرە. جوان وە بیرمە کە شێرۆن ساتێل لە سەر کاناپە ڕادەکشا و بە پتە هەڵیدەدان و دەیگوت: ئەوانە دەبێ چ لێبکەم؟
من هەوڵم دەدا یارمەتیی بدەم: دەتوانی دە ئاویان بکەی و وە سەر وەجاخیان بنێی.
ـ گاڵتە دەکەی؟
ئەوەندەی پەیوەندیی بە بابمەوە هەبوو هەرگیز پێکەوەم نەدیتن. بابم درەنگ دەچووە سەر کار و زوو دەهاتەوە بۆئەوەی فریای چالاکییە وەرزشییەکانی بکەوێ.
دیارە هێندێک ڕۆژان دایکی نانسی لە ماڵەوە نەبوو و بە خۆی و کیمینۆیەکەیەوە لە سەر کاناپە تخێڵ نەبووبوو و دەکرا بزانی ئەو ڕۆژانە جگەرە ناکێشێ و پاڵ ناداتەوە، بەڵکو لە نووسینگەکەی بابم کاروباری ڕۆژانەی ڕادەپەڕاند. نووسینگەیەکی پڕنهێنی کە هەرگیز نەمدیتبوو و بە دڵنیاییشەوە کەس حەزی نەدەکرد لەوێ قوت ببمەوە.
کە ئەو لە ماڵ نەبوو ژنێکی خوێنتاڵ بە نێوی خاتوو کاد لە متبەخ دادەنیشت و گوێی لە بەرنامە بێتامەکانی ڕادیۆ دەگرت و چی وە چنگ کەوتبایە دەیخوارد. هیچکات بیرم لەوە نەکردەوە کاتێک من و نانسی ڕۆژ تا ئێوارێ پێکەوە بووین، بۆچی دایکم پێشنیاری نەدەکرد هەر خۆی ]شێرۆن] ئاگای لێمان بێ یان بە یەکێک لە خزمەتکارەکان بڵێ ئاگای لێمان بێ تا پێویست نەبێ خاتوو کاد بگرن.
ئێستا وام بە بیردا دێ کە ئێمە هەموو کاتەکانی بێداریمان پێکەوە یاریمان دەکرد. لەو کاتەوەی من نزیکەی پێنج ساڵان بووم تا بوومە هەشت ساڵ و نیو. زیاتر لە دەرەوە کایەمان دەکرد. ئەو ڕۆژانەی لە ماڵی نانسی بووین و دایکی لێمان تووڕە دەبوو، دیارە هەوای دەرەوە ناخۆش بووە. نەدەبوو وە نێو بێستان و سەوزە بکەوین و گوڵەکان بشێلینەوە. بەڵام زۆربەی کات لە نێو باخچەی تووی فەڕەنگی یان لە بن دارسێوان کایەمان دەکرد و لەو بەشە دەستلێنەدراوەی پشت کۆڵیتەکەدا بۆ کاتی هێرشی ئاسمانیی ئەڵمانەکان کونەتەیارە و حەشارگەمان ساز کردبوو.
هەر بەڕاستیش شارەکەمان بنکەیەکی فێرکاریی سەربازیی لێبوو و فڕۆکەکان هەمیشە بە سەرماندا دەفڕین و بە هۆی هەموو ئەو شتانەوە کە شەڕیان وە بیر دەهێناینەوە، بڕیارمان دا کە پیت لە جیاتی ئەوەی دوژمنێکی ئاسایی بێ نازییە و ئامێری چیمەنلێدانەکەشی تانگه (دەبابە)کەی. جار هەبوو لە ئۆردووگاکەمانەوە کە لە پشت دارسێوێک بوو سێومان تێدەگرت. جارێک گازندەی بردە لای دایکم، ئەویش سزای بۆ بڕینەوە و ئەو ڕۆژە نەیبردینە دەریا.
دایکم زۆربەی کات من و نانسی دەبردە کەنار دەریا. ئەو کەنارەی لای ماڵی خۆمان نا کە خلیسکێنی ئاوێی لێبوو. بەڵکو بۆ کەنارێکی چکۆڵەتر کە دایکم بە ماشێن دەیبردین و خۆی ماشێنەکەی لێدەخوڕی؛ شوێنێک کە چۆڵتر بوو و لەوێ کەس بە قیژە و هەرا مەلە یان ئێسکیی سەر ئاوی نەدەکرد. لە ڕاستیدا دایکم هەردووکمانی فێری مەلە کرد. نانسی لە من جەربەزەتر و بزۆزتریش بوو و من زۆرم ئێرەیی پێدەبرد. هەر بۆیە جارێک ڕامکێشایە بن شەپۆلێک و لە سەر سەری دانیشتم. هەناسەی ڕاگرتبوو و بە هەموو دەمایە خۆی شەقی دەهاویشت و تەقەللای دەدا خۆی ڕاپسەکێنێ.
دایکم بە سەریدا قیژاندم: نانسی کچۆڵەیەکە ڕۆڵە. دەبێ وەک خوشکی خۆت دەگەڵی بجووڵێیەوە.
منیش خۆ هەر ڕێک وام دەکرد. هیچکات پێم وا نەبوو کە نانسی لە من لاوازترە؛ چکۆڵەتر بوو بەڵام ئەوە هێندێک جار بە قازانجی دەشکایەوە. کە وە سەر داران دەکەوتین ئەو دەیتوانی بچێتە سەر لقی باریک کە بەرگەی کێشی منیان نەدەگرت و وەک مەیموون پێهەڵبگەڕێ. جارێکیش کە بەشەڕ هاتین قۆڵم کە لە پێش خۆم ڕاگرتبوو وەهای گەست دە خوێنی هێنا. بڕیار وا بوو حەفتەیەک بۆمان نەبێ پێکەوە یاری بکەین بەڵام نیگا قیناوییەکانمان لە پشت پەنجەرەوە وردە وردە بوون بە پاڕانەوە و تکا و ئیزنیان دا جارێکی دی پێکەوە یاری بکەین.
زستانان دەمانتوانی بۆ هەر جێیەکی ماڵێ کە پێمان خۆش بێ بچین. بە بەفر و ئێزینگ سەنگەرمان بۆخۆمان دروست دەکرد و هەر کەس لێمان نزیک ببایەوە بە تۆپەڵە بەفر بەرگریمان لە خۆمان دەکرد. ماڵەکەمان لە کۆڵانی بنبەست بوو و خەڵکێکی وای پێدا نەدەهات، لەبەر ئەوە ناچار بووین مرۆبەفرینە دروست بکەین تەنیا بۆئەوەی بتوانین تۆپەڵە بەفری تێبگرین.
لەوانەیە لە دڵی خۆتاندا بڵێن ئەدی کایەی ژن و مێردێنە؟ بەڵێ، ئەو جۆرە یارییانەشمان دەکردن. لە بیرمە، جارێک لە ڕۆژیکی زۆر گەرمدا، لە خێوەتێک خزاین کە نازانم بۆچی لە پشت کۆڵیتەکەیان هەڵدابوو. بە ئەنقەست خزابووینە ئەو خێوەتەوە بۆئەوەی سەراپای یەکتر کەشف بکەین. خێوەتەکە بۆنێکی ورووژێنەر و لە هەمانکاتدا منداڵانەی لێدەهات، وەک بۆنی جلی ژێرەوەمان کە دامانکەندبوون. لە حەژمەتان قدیلەمان دەهات، دوایە ڕقمان هەستا و زۆر زوو ڕە سەر ئارەقە گەڕاین و لەشمان وە خروو کەوت و تەریق بووینەوە. کە لەوێ دەرپەڕین لە هەموو کات زیاتر لێک دوور بووین و بە شێوەیەکی سەیر بە پارێزەوە هەڵسوکەوتمان دەکرد. وە بیرم نییە دیسانیش ئەو یارییەمان کردەوە یان نا، بەڵام ئەگەر کردبێتیشمان سەیر نییە.
قیافەی نانسیم وەک ئی دایکی چاک بیر نەماوە. بەڵام پێموایە بۆ ڕەنگی قژ و دەموچاوی چووبووەوە سەر دایکی یان هیچ نەبێ ئەو کاتە یەکڕەنگ بوون. قژی کاڵ بوو و لە بەر تیشکی ڕۆژ کاڵتریشی دەنواند بەڵام وردە وردە قاوەییتر دەبوو. دەموچاوی پەمەیی و تەنانەت ئاماڵ سوور بوو. کوڵمە سوورەکانی لە بیرمە دەتگوت بە قەڵەمی سوور ڕەنگ کراون. ئەوەش بە هۆی ئەو هەموو کاتەی یاری و هەقلەمەقۆ لەبەر تاوێ و وزەی لە بننەهاتووی ئەو بوو.
لە ماڵی ئێمە دیارە جگە لەو ژوورانەی کە تێیدا دەژیاین بۆمان نەبوو بچینە جێیەکی تر. هەر بە خەیاڵیشماندا نەدەهات بە پلیکانەکان هەڵبگەڕێین یان پێ بنێینە ژووری میوانان یان ژووری فراوینێ. بەڵام لە کۆڵیتەکە هەر جێیەکی پێمان خۆش بوایە دەچووینێ. ژێرخان بۆ ئەو پاشنیوەڕۆیانەی کە هەوا هێند گەرم دەبوو کە تەنانەت ئێمەش بێزار دەبووین، شوێنێکی باش بوو. پلیکانی ژێرخانەکە پەرژینی نەبوو و دەمانتوانی لە هەر چەند پلەوە کە دەمانویست خۆمان فڕێ بدەینە سەر هەردی خۆڵی ژێرخانەکە و کە لەوەش وەڕەز دەبووین سواری داشقەیەکی شڕ دەبووین و وەک فەنەر هەڵدەبەزینەوە و قەمچیمان لە ئەسپێکی خەیاڵی دەدا. جارێک سیغارێکمان کێشا کە نانسی لە دایکی دزیبوو (نەماندەوێرا لە یەک دانە زیاتر بدزین) نانسی پرۆڤەی لە من زیاتر بوو و چاکتری لێدەزانی.
کۆنە دۆڵابێکی پڕ لە قودووی ڕەنگ و لاکی ئەڵکۆڵی وشکەوەبوو لە ژێرخان بوو، فڵچەی جۆراوجۆر کە ڕەنگیان پێوە ڕەقهەڵاتبوو و هێندێک سەرەدار کە ڕەنگیان پێ تێکدرابوو و هێندێک تەختە کە ڕەنگیان لە سەر تاقی کرابووە یان فڵچەکانیان پێ وشک کردبوونەوە. هێندێک لە قودووەکان هێشتا سەریان زۆر قایم بوون و کاتێک بە هەزار حاڵ سەرمان کردنەوە، ڕەنگی ناویان هێشتا بەکار دەهاتن. دوایی هەوڵمان دا فڵچەکان ئەوەندە لە ڕەنگ هەڵکێشین و لە تەختەکەی بخشێنین تا نەرم ببنەوە. هەموو وڵاتمان دە ڕەنگ وەردا کەچی کارەکەمان سەری نەگرت. یەکێک لە قودووەکان تینێری تێدا بوو کە بۆمان دەرکەوت بۆ نەرمکردنەوەی فڵچان زۆر لە ڕەنگ باشترە. هەرچۆنێک بێ بەو کەرستانەوە کەوتینە ڕەنگکردن. ئەودەم من هەشت ساڵە بووم و دایکم تا ڕادەیەک فێری نووسین و خوێندنەوەی کردبووم؛ نانسیش هەروەتر چونکە پۆلی دووهەمی تەواو کردبوو.
پێمگوت: هەتا کارەکەم تەواو نەبێ چاوی لێمەکە.
ئینجا کەمێک لە سەر ڕێگای خۆم لامدا. شتێکم بە خەیاڵدا هاتبوو بینووسم. بەڵام ئەو خۆشی سەرقاڵ بوو، بە فڵچەکەی ڕەنگی سووری لەنێو قودوویەکدا تێکدەدا.
نووسیم: نازییەکان لەو ژێرخانە بوونە.
گوتم: ئێستا چاوی لێبکە.
پشتی تێکردبووم و فڵچەکەی لە خۆی هەڵدەسوو. گوتی: کارم هەیە.
کە ئاوڕی دایەوە هەموو دەموچاوی کەوتبووە ژێر توێژاڵێکی ئەستووری ڕەنگی سوور.
فڵچەکەی لە تەختە هەڵسوو و قیژاندی: ئێستا لە تۆ دەچم! لە تۆ دەچم.
لە خۆشیان وەختبوو باڵ بگرێ. وەک بڵێی جادووی کردبێ و توانیبێتی شتێک بگۆڕێ. وەک بڵێی لە هەموو تەمەنیدا بە ئاواتەوە بووبێ ئەو کارە بکا.
ئێستا دەبێ هەوڵ بدەم ئەو ڕووداوانەی چەند خولەک دواتر ڕوویاندا شیبکەمەوە.
پێش هەموو شتێک دیتم نانسی ناشیرین بووە. بڕوام نەدەکرد هیچ جێگایەکی دەموچاوی من سوور بێ و، لەڕاستیشدا وا نەبوو. نیوەی پەڵەکەی سەر دەموچاوم ڕەنگی قاوەیی بوو، وەک هی هەموو ئەو کەسانەی پەڵەی وایان هەیە. بەڵام من خۆمم ئاوا نەدەهێنا بەر چاوم، پێم وا بوو پەڵەکەم قاوەیی کاڵە. دایکم دیارە هێندە بێعەقڵ نەبوو کە هەموو ئاوێنەکانی ماڵەوە کۆ بکاتەوە. بەڵام دەکرێ ئاوێنە هێند بڵیندی هەڵبواسی کە بەژنی منداڵی نەگاتێ. لانیکەم لە ئاودەست وا بوو. تەنیا ئاوێنەیەکی بەڕاستی دەمتوانی خۆمی تێدا ببینم بە دیواری پێشەوەی ماڵەوەدا کرابوو کە بەڕۆژ زۆر ڕووناک و بە شەویش چیی تێدا دیار نەبوو. لەبەر ئەوە من پێم وابوو نیوێکی دەموچاوم بێڕەنگ یان زۆر کەمڕەنگە؛ سێبەرێک تەقریبەن وەک ڕەنگی مشک یان جرج.
من وام دەهاتە بەرچاو و لەبەر ئەوەش بوو کە شێوەکارییەکەی نانسیم ئەوەندە لە دڵ گران هات، شۆخییەکی بێتام. تا تینم تێدا بوو بۆلای دۆڵابەکە پاڵم پێوەنا و هەڵاتم و بە پلیکانەکاندا سەر کەوتم. پێموایە لە ئاوێنەیەک دەگەڕام دەموچاومی تێدا ببینم یان کەسێک کە پێمبڵێ نانسی بە هەڵەدا چووە. ئەودەم دڵم دەحەسایەوە و دەمتوانی بە قینەوە ددانی دە لەش ڕابکەم. سزام دەدا. بەڵام ئەودەم کاتم نەبوو بیری لێبکەمەوە چۆن. لە کۆڵیتەکە دەرپەڕیم. هەرچەند شەممە بوو دایکی نانسی دیار نەبوو. بە سەر ڕێگا چەوڕێژەکەدا کە ئەولاو ئەولای گوڵی گلایۆل بوو هەتا ماڵەوە هەڵاتم. دایکمم بینی کە لە سەر کورسیی حەسیریی باڵکۆنی پشتەوە دانیشتبوو و کتێبی دەخوێندەوە.
بە کوڵەگڕووەوە قیژاندم: سوور نییە. من سوور نیم.
بە سەرسوڕمانەوە بە پلیکاناندا داگەڕا، هێشتا نەیدەزانی چ ڕوویداوە. ئینجا نانسی بە ڕاکردن بە دوای مندا لە کۆڵیتەکە هاتە دەرەوە، بە ڕوویەکی گەش و سەرسوڕماوەوە.
ئەودەم دایکم زانی چ باسە.
بە دەنگێک کە من لە قەت گوێم لێنەبووبوو بە سەر نانسیدا قیژاندی: شەیتانی چەپەڵ!
دەنگی، کێوی و بەرز بوو و دەلەرزی.
ـ مەیە پێش. لە خودام دەوێ بێیە پێش. تۆ کچێکی زۆر زۆر خراپی. تۆزقاڵێکت ڕوحم و بەزەیی تێدا نییە. کەس فێری نەکردووی کە...
دایکی نانسی کە قژە تەڕەکانی کەوتبوونەوە سەر دەموچاوی لە کۆڵیت وەدەرکەوت. خاولییەکی بە دەستەوە بوو.
ـ ئەی خودا، لەو بە قوڕێگیراوەدا ناتوانی چۆڕە ئاوێکیش بە سەرتدا کەی!
دایکم بە سەریدا قیژاند: ئاوا لە بەر دەم من و کوڕەکەم مەدوێ.
دایکی نانسی گوتی: چ بووە؟ چ قەوماوە؟ ئەوە بۆ وا دەنگت لێ هەڵبڕیوە؟
دایکم هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا: من دەنگم هەڵنەبڕیوە. تەنیا دەمەوێ بەو کچە دڵڕەقەی تۆ بڵێم کە ئیدی بۆی نییە پێ بنێتە ماڵی ئێمەوە. کچەکەت ئەوەندە دڵڕەقە دەتوانێ بە هۆی ڕووداوێکی سروشتییەوە کە بە دەست خۆی نەبووە گاڵتە بە کوڕیژگەیەک بکا. ئەوە چۆنت عاملاندووە؟ تەنانەت کاتێ دەگەڵ خۆمان دەیبەمە کەنار دەریا سوپاس کردنێک نازانێ، تەنانەت "سوپاس" و "تکایە"ش نازانێ. ئاشکرایە دەگەڵ دایکێک کە هەموو ڕۆژێ چەرچەف (مەلافە) ێک دە خۆی وەردەپێچێ و خۆی لێر و لەوێ ڕادەکا...
هەموو ئەوانە وەک لافاوێکی تووڕەیی و ئازار و زووخاوێکی لە بننەهاتوو لە زاری دایکمەوە هەڵدەڕژا. هەرچەندە تا ئەو کاتە من کراسەکەیم دەکێشا و دەمگوت: نا، دایە تکایە.
دوایی دۆخەکە خراپتریش بوو؛ فرمێسکی بە چاواندا هاتە خوارێ و قسەی دە قوڕگی وەستا و لەشی کەوتە لەرزین.
دایکی نانسی قژە تەڕەکانی لە پێش دەموچاوی لادابوون و ڕاوەستابوو و سەیری دەکرد. گوتی: با شتێکت پێ بڵێم. ئاوا بڕوا دەتبەنە شێتخانە. خەتای ئێمە چییە مێردەکەت خۆشی ناوێی و منداڵەکەت دەموچاوی دافەتاوە.
دایکم هەر دوو دەستی بە سەری گرت و قیژاندی: ئۆف، ئۆف، ئۆف.
وەک برک و ژانێکی توند گرتبێتی.
ئەو ژنەی ئەودەم لای ئێمە کاری دەکرد ـ وێلما ـ هاتبووە بانیژە و دەیگوت: خانم، خانم، بەسە ئیدی. دوایی ڕووی کردە دایکی نانسی و بە سەریدا قیژاند: تۆ بڕۆوە ژوورێ. دە بڕۆ دەی!
ـ دەڕۆم دەڕۆم، خەمت نەبێ. ئەتو خۆت بە چی دەزانی ئاوا دەگەڵم دەدوێی؟ هێندەت بۆ ئەو جادووبازە کار کرد وەک مشکی کەنیسەی ڕووت هەڵماڵاوە.
ئینجا ئاوڕی دایەوە سەر نانسی و گوتی: باشە ئەمن ئەو هەموو ڕەنگەت چۆن لە سەر و سەکوتی بکەمەوە؟
دوایە دەنگی هەڵبڕی بۆئەوەی دڵنیا بێ منیش گوێم لێدەبێ: لاساری بەدگووز، سەیری چلۆن بە داوێنی دایکی هەڵڕوسکاوە. خوام لەو خوایەیە جارێکی دی بە لای ئەو هەتیوە قزەیەدا دەچی!
لە هەموو ئەو ماوەیەدا نانسی واقی وڕ مابوو و متەقی لێوە نەدەهات.
وێلما لە لایەک و من لە لایەک هەوڵمان دەدا دایکم بەرینەوە ژوورێ. ئێستا ئیتر نەیدەقیژاند. خۆی قیت کردەوە و بە دەنگێک کە بە شێوەیەکی نائاسایی خۆشحاڵیی پێوە بوو و لە کۆڵیتیش تێدەپەڕی گوتی: وێلما دەکرێ مقەستی باخەوانییەکەم بۆ بهێنی؟ ئێستا کە لێرەم وا چاکە گلایۆلەکان هەڵپەرتێوم. هێندێکیان تەواو هەڵپرووکاون.
کە لێبووەوە ڕێگاکە پڕ بووبوو لە لقە گلایۆلی سیس و خونچەی ژاکاو.
هەر وەک گوتم ئەوە دەبێ ڕۆژی شەممە ڕووی دابێ چونکە دایکی نانسی لە ماڵ بوو و وێلماش لەوێ بوو. وێلما یەکشەممان کاری نەدەکرد. تا دووشەممە و پێموایە زووتریش کۆڵیتەکە چۆڵ کرا. ڕەنگە وێلما باوکمی لە یانەی وەرزشی یان مەزرا یان هەر جێگایەک بووە دۆزیبێتەوە و بابم کە هاتووەتەوە ماڵێ سەرەتا تووڕە بووە و ملی لە قسەی سووک ناوە بەڵام دوایە ڕازی بووە کە نانسی و دایکی لەوێ بڕۆن. پێم وا نییە ئەوان خۆشیان ناڕازی بووبن.
بەرە بەرە ئەو ڕاستییەم بۆ قووت چوو کە تازە چاوم بە نانسی ناکەوێتەوە. سەرەتا هێندی لێ تووڕە بووم کە بۆم گرینگ نەبوو. پاشان کە دەمپرسی نانسی لە کوێیە دایکم وەڵامی بە توێکڵی دەدامەوە و شتەکەی لە بیر دەبردمەوە بۆئەوەی نەکا بکەومەوە بیر ئەو ڕووداوە ناخۆشە. ئەو کاتە بوو بڕیاری یەکجارەکیی دا بمنێرێتە قوتابخانە و دەستی کرد بە گەڕان لە قوتابخانە. لەوانەیە پێی وا بووبێ ئەگەر خوو بە قوتابخانەی کوڕانە بگرم، بیرەوەریی یاریی دەگەڵ کچە ئاواڵەکەم لە بیر دەچێتەوە و لەبەر چاوم بێبایەخ و تەنانەت بێمانا دەبێ.
ڕۆژی دوای ئەسپەردەکردنی بابم کە دایکم داوای لێکردم بۆ شام بیبەمە ڕێستۆرانێک کە میلێک لە ماڵەوەمان دوور بوو و لە کەناری دەریاچەکە بوو، زۆرم پێ سەیر بوو. (دیارە لە ڕاستیدا ئەوە ئەو بوو منی دەبردە دەرەوە.)
گوتی: هەست دەکەم هەرگیز لەو ماڵە وەدەرنەکەوتووم. دەمەوێ کەمێک هەوا بگۆڕم.
لە ڕێستۆران بە پارێزەوە لە دەوروبەری ڕوانی و گوتی کەس ناناسێ.
دوایی گوتی: گڵاسێکم شەراب دەگەڵ دەخۆیەوە؟
ئەو ڕێگایەمان کوتابوو و هاتبووین لە شوێنیکی گشتی مەشرووب بخۆینەوە؟ کە شەرابەکەیان هێنا و داوای خواردنمان کرد دایکم گوتی: شتێک هەیە کە پێموایە دەبێ بیزانی.
ڕەنگە ئەوە ناخۆشترین ڕستەیەک بێ کە یەکێک لە هەموو تەمەنیدا دەیبیستێ. زۆر ڕێی تێدەچێ بابەتی باسەکە شتێکی ناخۆش بێ و کاتێک یەکێک قسەکانی بەو ڕستەیە دەست پێدەکا دەیەوێ نیشان بدا کە باری ئەو خەمەی بە تەنێ لە سەر مل بووە لە کاتێکدا بیسەرەکەی لە هەموو ئەو ماوەیەدا ڕۆحیشی لەو مەسەلەیە ئاگادار نەبووە و بە دڵی ئاسوودەوە خەریکی ژیانی خۆی بووە.
گوتم: بابم بابی خۆم نەبوو؟ چ باش!
ـ مەیکە فشە. ئاواڵی دەوری منداڵیت لە بیرە، نانسی؟
لەڕاستیدا بۆ ساتێک باشم وەبیر نەهاتەوە. دوایی گوتم: بە حاڵ.
ئەودەم هەموو گفتوگۆکانی دایکم و من بە پێی نەخشە دەچوونە پێشەوە. من خۆم ڕوحسووک و قۆشمە نیشان دەدا و واقم نەدەبردەوە. خەمێک لە دەنگ و ڕوخساری ئەودا حەشار درابوو. قەت باسی کێشەکانی خۆی نەدەکرد بەڵام لە هەر بەسەرهاتێکدا کە دەیگێڕاوە، کەسانی بێتاوان بەسەر شتی خراپدا دەکەوتن. دیار بوو مەبەستی ئەوە بوو پەندی لێوەرگرم یان هیچ نەبێ بە چاوی ئاوەڵاتر بچمەوە لای هاوڕێکانم و ژیانی بەختەوەرانەم. بەڵام من ڕووم نەدەدایێ. ڕەنگە ئەو چاوەڕوانی کەمێک هاوسۆزی بووبێ یان تۆزقاڵێک خۆشەویستی. بەڵام من تخوونی نەدەکەوتم. ژنێکی وردبین بوو کە هێشتا پیری کەلەلای نەکردبوو بەڵام من بە جۆرێک خۆم لێ دوور دەگرت وەک ئەوەی نەخۆشییەکی پیسی لێ بگرمەوە. هەمیشە ئەو ترسەم دە دڵدا بوو ئاماژە بە نوقسانییەکەم بکا و مل بنێ لە ستایشی. نوقسانییەک کە وەک نێوک لەوی بەستبوومەوە، نێوکێک کە نەمدەتوانی بیبڕم.
گوتی: ئەگەر لە ماڵێ نەڕۆیشتبای لەوانەبوو بەسەرهاتەکەت بیستبایە بەڵام ئەمە کەمێک دوای ئەوەی تۆمان ناردە قوتابخانە ڕوویدا.
نانسی و دایکی ڕۆیشتبوون و لە باڵەخانەیەکدا کە بابم لە ناو شار هەیبوو ژیابوون. لەوێدا ڕۆژێکی جوانی پایز دایکی نانسی لە حەمامدا بە سەریدا چووە کە بە تیخێک خەریکی بڕینی ڕوومەتی بووە. تەرکی حەمام و ڕووشۆری و هەموو شوێنیک پڕ بووە لە خوێن. بەڵام ئەو هەر وا خەریکی کاری خۆی بووە و گوێی بە ئازار و شتی وا نەداوە.
دایکم ئەوانەی چۆن دەزانین؟ وای بۆ دەچم ئەو بەسەرهاتە خەمگینە لە سەرانسەری شاردا دەنگی دابێتەوە. بەسەرهاتێک کە خوێناویبوونەکەی بە مانای وشە هیچ پەیوەندیی بە وردەکارییەکەیەوە نەبووە.
دایکی نانسی خاولییەکی تێوەرگرتبوو و بردبوویە نەخۆشخانە. ئەودەم شارەکەی ئێمە ئامبولانس (ئیسحاف) و شتی وای لێ نەبوو. ڕێی تێدەچێ لە مەیدانەکە پێشی بە ئۆتۆمبێلێک گرتبێ. بۆ زەنگی بۆ بابم لێنەدابوو؟ دیار نییە، هەر چۆنێک بێ تەلەفۆنی بۆ نەکردبوو. برینەکەی قووڵ نەبووە و سەرەڕای دیمەنە خوێناوییەکەی خوێنی زۆری لەبەر نەڕۆیبوو، هیچ دەمارێکی گرینگ نەبڕدرابوو. دایکی، بەردەوام سەرکۆنەی نانسی کردووە: ئەوەش هی چارەڕەشیی منە کە کچەکەشم شێت و ماخولیا دەرچوو.
دایکم گوتی: ئەگەر ئەودەم کارمەندانی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیی لەو ناوە بوونایە، کچۆڵەی داماو بە قەد هەموو قاوشەکە پێویستی بە یارمەتیی بووە.
گوتی: هەمان لاچاوی بوو. وەک هی تۆ.
تا ئەو کاتە هەوڵم دابوو بێدەنگ بم و وا نیشان بدەم کە نازانم مەبەستی چییە. بەڵام ئیدی دەبوو شتێک بڵێم.
گوتم: هەموو دەموچاوی؟
ـ بەڵێ، بەڵام ئەوجارە بەپارێزتر بووە. تەنیا لاچاوێکی خۆی بڕیبوو. تا بۆی کرابوو هەوڵی دابوو خۆی وەک تۆ لێبکا.
ئەوجار توانیم بێدەنگ بم.
دایکم گوتی: ئەگەر کوڕ با هێشتا باشتر بوو، بەڵام ئەوە بۆ کچێک زۆر سامناکە!
ـ ئێستا نەشتەرگەرانی پلاستیکی هەموو کارێکیان لە دەست دێ.
ـ بەڵێ، لەوانەیە بتوانن شتێک بکەن.
دوای چەند ساتێک گوتی بڕوا ناکا منداڵ هەست و سۆزیان ئەوەندە قووڵ بێ.
ـ لە بیریان دەچێتەوە.
گوتی نازانێ دوای ئەوە دایک و کچە چییان بەسەرهات. خۆشحاڵ بوو کە من هەرگیز سەروسۆراغم نەگرتوون. چونکە ڕقی دنیای لەوەیە درۆ دەگەڵ من بکا و پێی خۆش نەبووە کاتێ من هێشتا منداڵ بووم بەسەرهاتی دڵتەزێنم بۆ بگێڕێتەوە.
بەڕاستی نازانم بۆ و چۆن، بەڵام دەبێ بڵێم دایکم کە تەمەنی بەرەو ژوور چوو تەواو گۆڕا. بێمولاحەزە و خەیاڵکار بوو. ئیدیعای دەکرد بابم هەمیشە ئەوینداری بووە و ئەم بۆخۆی "کچێکی زۆر خراپ" بووە. دەیگوت من دەبوایە دەگەڵ ئەو کچەی دەموچاوی خۆی ئەنجنیبوو زەماوەندم کردبایە، چونکە هیچکاممان نەماندەتوانی خۆمان لە سەر ئەوی تر هەڵبکێشین. هەروا کە دەیڕست دەیگوت هەر دووکمان لە ژیانی خۆماندا بە قەد یەک کاری قۆڕمان کردوون.
بۆ ئەو قسەیە دەگەڵیدا بووم و ئەودەم کەمێکم خۆش دەویست.
چەند ڕۆژ لەمەوبەر کاتێک خەریکی کۆکردنەوەی سێوە ڕزیوەکان لە بن داران بووم زەرگەتە پێیوەدام. چزووەکەی لەسەر پێڵووی چاوم بوو و دەستبەجێ هێند پەنەما کە ئیدی چاوم هەڵنەدەهات. تا نەخۆشخانە بە چاوێک ماشێنم ئاژۆت. (ئەو چاوەی پێیەوەدرابوو لە لای ساغی دەموچاوم بوو) کاتێ گوتیان دەبێ شەو بتخەوێنین پێم سەیر بوو. هۆیەکەی ئەوە بوو کاتێ دەرزییان لێدەدام دەبوو هەر دوو چاوم ببەستن بۆ ئەوەی چاوە ساغەکەم فشاری بۆ نەیە. یەکێک لەو شەوانە بوو وەک دەڵێن خەو نەچووە چاومەوە. تا دەهات خەوم لێبکەوێ، ڕادەچەنیم. خۆ دیارە نێو نەخۆشخانە قەت بە تەواوی بێدەنگ نییە و هەر لەو ماوە کورتەی نابیناییدا وام هەست دەکرد کە توانای بیستنم زیاتر و وردتر بووە. کاتێک گوێم لە ترپەی پێی کەسێک بوو کە لە ژوورەکەدا دەهات دەستبەجێ زانیم دەنگی پێی ژنێکە و هەستم کرد کە پەرستار نییە.
گوتی: هێشتا بەخەبەری؟ دەمەوێ بۆت وەخوێنم.
قۆڵم ڕاکێشا چونکە پێموابوو هاتووە نەبز یان تەوژمی خوێنم بگرێ.
بە دەنگێکی هێمن و لێبڕاو گوتی: نا، نا. هاتووم ئەگەر حەز بکەی شتێکت بۆ بخوێنمەوە. هێندێک جار نەخۆشەکان دوای ئەو هەموو کاتە کە بە چاوی بەسراوەوە ڕادەکشێن وەڕەز دەبن.
ـ بۆخۆیان هەڵدەبژێرن چییان بۆ بخوێنیەوە یان ئێوە؟
ـ بۆخۆیان. من کۆڵێک کتێب دەگەڵ خۆم بەملاو ئەولادا دەگێڕم.
گوتم: من حەزم لە شێعرە.
ـ زۆر تامەزرۆ دیار نی.
پێموایە ڕاستی دەکرد و بۆخۆشم دەمزانی بۆ. لە ڕادیۆ بە دەنگی بەرز شێعرم دەخوێندەوە و گوێم لە دەنگی کەسانی دیکەش بە دەنگی پەروەردە کراوەوە دەگرت و چێژم لە هێندێک شێوازی شێعرخوێندنەوە وەردەگرت بەڵام ڕقم لە هێندێکیان دەبووەوە. وەک بڵێی ئەمەم بەو گوتبێ گوتی: کەواتە وەرە شەڕە شێعر بکەین. باشە؟
بیرم کردەوە دەبێ زۆر گەنج بێ، هەوڵ دەدا نەخۆشەکان لە کارەکەی ڕازی بن تا لە پیشەکەیدا سەرکەوتوو بێ. قبووڵم کرد بەو مەرجە ئینگلیزیی کۆن هەڵنەبژێرێ. بە ڕاوێژی پرسیارەوە دەستی پێکرد:
ـ شا لە شاری دانفرملاین دادەنیشێ و
بە دەنگی ئاهەنگینەوە خوێندمەوە:
شەرابی خوێنڕەنگ دەنۆشێ
ئینجا بە ڕووخۆشییەوە درێژەمان پێدا. خراپی نەدەخوێندەوە هەرچەند خێراییەکەی کەمێک منداڵانە بوو. منیش وردە وردە کەیفم بە دەنگی خۆم هات و جارجار کەمێکم حاڵەتی شانۆیی دەدایێ.
گوتی: جوانە.
نیشانت دەدەم سوێسن و هەڵاڵەی کەنار ئیتاڵیا لە کوێ دەڕوێن
گوتی لە کوێ دەڕوێن یان لە کوێ هەڵدەکەن؟ کتێبەکەیم نییە بەڵام دەبێ لە بیرم بێ. گرینگ نییە زۆر جوانە. هەمیشە دەنگی ئێوەم لە ڕادیۆ پێخۆش بووە.
ـ بەڕاستی؟ گوێت لێدەگرت؟
ـ بەڵێ، زۆر کەس گوێیان لێدەگرت.
وردە وردە ئیدی ئەو دێڕی یەکەمی نەدەگوت و من هەرچیم حەز لێبایە دەمخوێندەوە. ئیدی بۆخۆتان بیهێننە بەرچاوتان؛ "کەناری پوبێر"، "کوبلای خان" و "بای ڕۆژئاوا" و "قوو کێوییەکان" و "لاوێکی حوکمدراو". لەوانەیە هەموو ئەوانەم نەخوێندبنەوە لەوانەشە هێندێکم تا کۆتایی نەخوێندبنەوە.
گوتی: خەریکە پشووت لێدەبڕێ.
لە ناکاو دەستە بچووکەکەی بە پەلە نایە سەر دەمم و، ئینجا دەموچاوی، یان لەڕاستیدا لایەکی دەموچاوی لە سەر دەموچاو دانام.
ـ دەبێ بڕۆم. ئەمەش دواهەمینیان بەر لەوەی بڕۆم. بۆ ئەوەی سەختی بکەم سەرەتاکەی ناخوێنمەوە:
هیچکامیان وەک پێویست شینت بۆ ناگێڕن
نزات بۆ ناکەن
بۆت خەمبار نابن
جێگات هەروا خاڵی دەبێ
گوتم: تا ئێستا نەمبیستووە.
ـ دڵنیای؟
ـ دڵنیام. ئێوە بردتانەوە.
ئێستا ئیدی لە شتێک وە شک کەوتبووم. وا پێدەچوو فکری ڕۆیشتبێ و کەمێک شڵەژابێ. گوێم لە قیژەی ئەو قورینگانە بوو کە بە سەر نەخۆشخانەدا دەفڕین. ئەودەمەی ساڵ مەشقی فڕینیان دەکرد و وردە وردە دەیانتوانی زۆرتر بفڕن تا ئەوەی ڕۆژێک لە شەقەی باڵ دەددەن و دەڕۆن. من خەریک بوو وەخەبەر دەهاتم و واقم وڕمابوو. وەک کاتێک مرۆڤ لە خەونێک کە زۆر وەک ڕاستی دەچێ وەخەبەر دێ. ڕقم هەستابوو، دەمویست جارێکی دی بنوومەوە و دەموچاوی ئەو لە سەر دەموچاوم بێ. گۆنای لە سەر گۆنام بێ. بەڵام خەون ناکرێنە ڕاستی.
کاتێ جارێکی تر توانیم ببینم و گەڕامەوە ماڵێ بە دوای پاشماوەی ئەو شێعرەدا گەڕام کە ئەو خستبوویە ناو خەونەکەمەوە. چاوم لە چەند کۆمەڵە شێعر کرد بەڵام ئەو شێعرەم نەدۆزییەوە. خەریکه دڕدۆنگ بم کە ئەو کۆپلە شێعرە سەر بە هیچ شێعرێکی ڕاستەقینە هەن یان من تەنیا لە خەودا بیستوومە.
بەڵام کێ خستبوویە ناو خەونی منەوە؟
ئینجا پایزێ کاتێک خەریک بووم کتێبە کۆنەکانمم کۆ دەکردنەوە بۆئەوەی بیاندەمە بازاڕێکی خێرخوازی، کوتە کاغەزێکی قاوەیی لە نێو یەکێکیان وەری، هەمان شیعری بە قەڵەمی دار لێ نووسرابوو. دەستوخەتی دایکم نەبوو و وێناکردنیشی سەخت بوو کە خەتی بابم بێ. ئەدی کێ نووسیبووی؟ نازانم. ئەوەی شێعرەکەی نووسیبوو لە کۆتاییدا ناوی شاعیرەکەشی نووسیبوو. والتێر دو لامار. بێ هیچ ناونیشانێ و شاعیرێک کە من هیچم لەبارەیەوە نەدەزانی. بەڵام پێدەچوو سەردەمێک شێعرەکەم خوێندبێتەوە. ڕەنگە لەو کاغەزەوە نا بەڵکو لە کتێبێکی دەرسدا. پێدەچوو وشەکانم لە قووڵایی زەینمدا ناشتبن، ئینجا بۆ؟ تەنیا بۆ ئەوەی کەسێک بتوانی بەو شێعرە سەرم بخاتە سەر، ڕۆحی کچۆڵەیەکی منجڕ کە لە خەوندا هاتبووە دیدارم.
هیچ زامێک نییە
ساڕێژی نەکا زەمەن
هیچ کۆستێک، هیچ خیانەتێک
بەهێزتر نییە لە مەرهەم
مشتوماڵی دە ئاوێنەی ڕۆحت
دەبێ تەنیا گۆڕ
دڵدار لە یار و
ئیشقی نێوانیان جیا بکاتەوە
تۆ بڕوانە خۆر چ ڕازاوە پڕشنگان داوێ
تاوێکە ڕێژنە لێی کردۆتەوە و
گوڵ بە جوانیی خۆیان دەنازن
ڕۆژێکی چەند ڕووناک و جوانە
خەمی دۆست و ئاواڵانت نەبێ؛
ئەو ئاواڵانەی لەمێژساڵە فەرامۆشن
ڕەنگە لە شوێنێک
کە تێکهەڵدەنگوون ژیان و مەرگ
چاوەڕێت بن
هیچکام وەک پێویست شین ناگێڕن بۆت
نزات بۆ ناکەن
بۆت خەمبار نابن
جێگات هەروا خاڵی دەبێ
بەڵام ئیتر تۆ لەوێ نی
شێعرەکە خەمباری نەکردم. بە شێوەیەکی سەیر لە سەر ئەو بڕیارەی دابووم سوورتری کردم؛ خانووەکەم نەدەفرۆشت، بەڵکو هەر لەوێدا دەژیام.
لەو ماڵەدا شتێک بۆ من ڕوویدابوو. لە ژیانی هەموو کەسدا چەند شوێن زیاتر نین کە شتێکی گرینگیان تێدا ڕووبدا و شوێنەکانی تر تەنیا شوێنەکانی ترن.
ئاشکرایە ئەگەر دوای چەند ساڵ چاوم بە نانسی کەوتبایەوە، بۆوێنە لە وێستگەی قەتاری تۆرنتۆ، هەر دووکمان بەو نیشانانەوە کە هەموو تەمەن دەگەڵمان بوون یەکترمان دەناسییەوە. زۆر ڕێی تێدەچێ تەنیا هێندێک قسەی پڕشوورەیی و بێمانامان کە زۆربەی کات لەو وەختانەدا دێتە پێش کردبان و خێرا خێرا بەسەرهاتی خۆمان بۆ یەک هەڵڕشتبا. لەوانەیە سەیری ڕوومەتی ساڕێژبووەوە، تەقریبەن ئاسایی، جێبرینی سەر دەموچاوم کردبا بەڵام هیچم باس نەکردبا. باسی منداڵانم هێنابا گۆڕێ. نەوەکانی، پیشە و کاری. ڕەنگە پێویست نەبا بەو بڵێم بووم بە چی. جیاوازی نەبوو دەموچاوی چاک بباوە یان نا. لەوانەیە سەرمان سوڕمابا و هەستوسۆزمان ورووژابا و حەزمان کردبا تا زووە لەوێ ڕابکەین.
بەڕای ئێوە ئەوە هیچی لە مەسەلەکە دەگۆڕی؟
وەڵام ئەوەیە کە هەڵبەتە، بۆ ماوەیەک و هەرگیز.
نیویۆرکر ـ سپتامبەری ٢٠٠٨