تبليغاتX
وێب‌نووسی سلێمان دڵسۆز - لاپەڕەیەکی دیکەی "ناسکیەتیی ژیشک" - موریێل باربێری
چیرۆک - یادداشت - وەرگێڕان

وەرگێڕانی ئەو تابڵۆیەی ڕۆمانی "ناسکیەتیی ژیشک" پێشکەش دەکەم بە ڕۆحی ئەو گوڵەباخەی بەربووەوە سەر کۆشی ئاربابا ، بە ئیبڕاهیمی یۆنسی..

                                                     س.د

 

لە خۆم دەپرسم ئایا نەبووم بە بانگەشەکارێکی جوانی‌ناسی. بە هۆگرییەکی بەهێزی بیرمەندانەوە بە زەن[1]، هاوکات دەگەڵ دڕدۆنگییەکی تایبەت بە شێوازی ڕۆنسار[2].

ڕوونی دەکەمەوە. ئەم یادداشتەی "لەبارەی جووڵەی خەڵکەوە" کەمێک تایبەتە، چونکە لە جووڵەی تاک یان کۆمەڵ ورد نابێتەوە: ئەمڕۆ بەیانی، لە کاتی خواردنی بەرچاییدا، جووڵەیێکم بینی. دوێنێ (دووشەممە بوو) خاتوو گرێمون، فەڕاشی تایبەت بە خاوێن کردنەوەی باڵەخانەکەمان، چەپکێک گوڵەباخی بۆ دایکم هێنا. خاتوو گرێمون یەکشەممەکەی لای خوشکی بووە کە باخێکی لە سۆراسن هەیە و چەپکێکی لە یەکەم بەری گوڵەباخی ئەو وەرزە بۆ دایکم هێنابوو. پەیوەندیی دایکم دەگەڵ خاتوو گرێمون وەک پەیوەندی هەموو خاتوونە پارەدارە پێشکەوتن‌خوازەکانە دەگەڵ خزمەتکارەکانیان، هەرچەند دایکم بڕوای وایە کە ئەو دەگەڵ هەمووان فەرقی هەیە: پەیوەندیی کەوناری بە کەرەم‌مەندانەی دەسەڵاتداران دەگەڵ ژێردەستان لەسەر بنەمای بیروباوەڕی گەل‌پەروەری (خوڵق‌کردن بۆ خواردن، دانی لە کاتی خۆی و تەواوی هەقدەست، هەرگیز تەمبێ نەکردن و سزا نەدان، پێدانی قەنەفەی شەق‌وشڕ و بەکار نەهاتوو، پێدانی کەچە سیپاڵ و جلوبەرگی کۆن، خۆ وا نیشان‌دان کە چارەنووس و سڵامەتیی منداڵانی فەڕاشت بۆ گرینگن.) لە جوابی ئەو کەرەمانەدا، خانمی خاوەن‌کار مافی وەرگرتنی چەپکە گوڵەباخ و ڕووتەختیی قاوەیی یان بێژی هەیە. بەڵام ئەو گوڵەباخانەی باسم کردن... نهێنییەکیان تێدا بوو.

هەر وەک گوتم، من خەریکی خواردنی بەرچایی بووم و چاوم لە چەپکە گوڵی سەر مێزی متبەخ دەکرد. پێم وایە بیرم لە هیچ نەدەکردەوە. ڕەنگە هەر بەو هۆیەوە بێ کە جووڵەکەم بینی. لەوانەیە ئەگەر بیرم لە شتێکی دی کردبایەوە، ئەگەر متبەخەکە ئاوا بە تەواوی کڕ و بێدەنگ نەبا یان ئەگەر بەتەنێ نەبام، لەوانەبوو هەر جووڵەیەکی تر سەرنجم ڕابکێشێ. بەڵام من تەنیا بووم و بێدەنگ و خاڵی لە هەر چەشنە بیر و خەیاڵێک دانیشتبووم. بۆیە بچووکترین جووڵەم گوێ لێ‌دەبوو.

لەناکاو دەنگێکی بچووک هات. جۆرێک لەرزینی هەوا، بە ئاستەم: خونچەیێکی گوڵەباخ بە پارچەیەک لاسکی شكاوەوە کە پێیەوە لکابوو بەربووەوە سەر مێزەکە. ئەو ساتەی گەیشتە سەر مێزەکە ترپەیەکی بە ئاستەمی بەر گوێم کەوت، ترپەیێک کە تەنیا گوێی مشک دەیکاری بیبیستێ یان گوێی مرۆڤ کاتێک هەموو شتێک زۆر زۆر کپ و بێدەنگە. هێند کەوتمە ژێر کاریگەرییەوە کە کەوچکی چا بە دەستمەوە لە هەوادا ڕەق‌هەڵات. یەکجار سەرسوڕهێنەر بوو. بەڵام چی سەرسوڕهێنەر بوو؟ بڕوام نەدەکرد: ئەمە خونچەیەکی گوڵەباخ بوو و هیچی تر بە لاسکی شکاوی پێوە لکاوەوە کە هەر ئێستا بەر بووبووەوە سەر مێزی متبەخ. دەی جا؟

کاتێ لە گوڵەباخە بێ‌جووڵەکە چوومە پێشەوە، کە بەربوونەوەکەی کۆتایی پێهاتبوو، تێگەیشتم کە ئەوە شتێکە پەیوەندیی بە زەمانەوە هەیە، نەک بە فەزاوە. تیەح، خونچەیەک کە بە شێوەیەکی پڕشکۆ بەردەبێتەوە، هەمیشە جوانە. یەکجار هونەرمەندانەیە. بەڵام ئەوە شتێک نییە کە جووڵە بتوانێ شی بکاتەوە. جووڵە، ئەو شتەیە کە مرۆڤ پێی وایە فەزایێکە...

من، بە دیتنی بەربوونەوەی ئەو خونچە و ئەو لاسکی گوڵە، لە یەک لە هەزاری چرکەدا جەوهەری جوانیم بۆ وەدەرکەوت. بەڵێ، من کە کچۆڵەیێکی دوازدە ساڵ و نیوەم، ئەو شانسە بێ‌وێنەیەم هەبوو کە، ئەم بەیانییە، هەموو بارودۆخێکی تێگەیشتن لە جوانیم بۆ بڕەخسێ: زەینی بەتاڵ و ئامادە، ماڵی بێدەنگ و ئارام، گوڵەباخی جوان، بەربوونەوەی خونچەیێک. ئایا لەبەر ئەوە بوو کە کەوتمەوە یادی ڕۆنسار، بێ‌ئەوەی سەرەتا تێبگەم: چونکە ئەوە کێشەی زەمان و گوڵەباخە. چونکە شتی جوان، بۆیە جوانە کە مرۆڤ تێدەگا زووتێپەڕە. ئەم قاڵب‌ڕێژییە زووتێپەڕەی شتەکان لە لەحزەیێکدایە کە مرۆڤ هاوکات جوانی و مەرگ پێکەوە دەبینێ.

لەبەر خۆمەوە گوتم هێی، هێی، ئەمە دەیەوێ بڵێ کە دەبێ بەو جۆرە ژیان تێپەڕ بکەین؟ هەمیشە لە نێوان هاوسەنگیی جوانی و مەرگدا، لە نێوان جووڵە و لەناوچوونیدا.

ڕەنگە زیندوویەتی هەر بەو مانایە بێ: قۆزتنەوەی ئەو ساتەوەختانەی کە دەمرن.

 



[1]  ڕێبازێکی بوودایی ژاپۆنی تێکەڵاوێک لە شینتۆ و چان (ڕێبازێکی دیکەی بوودایی) چینی.

[2]  ڕۆنسار (١٥٢٤-١٥٨٥)، شاعیر و نووسەری فەڕەنسی.

+ نوشته شده در  پنجشنبه بیستم بهمن 1390ساعت 19:28  توسط س.دڵسۆز  |