|
چیرۆک - یادداشت - وەرگێڕان
|
بەسەرهاتی وەرگێڕانی شازادە چکۆلە
محەمەدی قازی

وەرگێڕانی: سلێمان دڵسۆز
چۆنیەتیی ئاشنایەتیم دەگەڵ کتێبی "شازادە چکۆڵە" بەسەرهاتێکی شیرینە. ئەودەم کە لە ئیدارەی حقوق‌ی وەزارەتی دارایی کارم دەکرد، دۆستێکی بە زەوق و خوێندەوارم، خوالێ‌خۆشبوو "ئەمیر جەهان‌بەگلوو" کە لە فەڕانسە دەرسی خوێندبوو و فەڕەنسییەکی چاکی دەزانی، ڕۆژێک پێی‌گوتم کتێبێکی لە فەڕانسەوە بۆ هاتووە زۆر شیرین و دڵ‌ڕفێنە و تەواوێکی چێژ لێ وەرگرتووە. بە جۆرێک کە مرخی لێ خۆش کردووە بیکاتە فارسی. ڕووم لێنا ئەگەر بکرێ بۆ چەند رۆژێک ئەو کتێبەی هێندەی بە دڵ بووە بمداتێ و منیش بیخوێنمەوە. دوکتۆر کە جامینی منی زۆر دەویست گوتی باشە و بۆ سبەینێ کتێبەکەی بۆ هێنام بە مەرجێ تەنیا حەفتەیەکم لە کن بێ و پاش ئەو حەفتەیە بۆی بەرمەوە.
سوپاسم کرد و کە چاوم لە ناونیشانی کتێبەکە کرد دیتم ناوی "شازادە چکۆلە"یە و بەرهەمی نووسەرێکە بە ناوی "ئانتوان دوسێنت ئێگزۆپێری". یەکەم جار بوو ئەو کتێبەم دەدی. بەڵێنم پێ‌دا پاش حەفتەیەک بۆی بەرمەوە.
ئەودەم کە ساڵی ١٣٣٣ (١٩٥٤ز) بوو، ماڵم لە شەقامی ئەمیریە، لە چوارڕێی "موعتەزول‌سوڵتان" بوو. کە لە ئیدارەڕا دەچوومەوە ماڵێ، لە مەیدانی تۆپخانە سواری ئوتوبووس (پاس) دەبووم و لەو چوارڕێیە دادەبەزیم کە ماڵەکەم هەروا سێ‌سەد میترێک لەوێوە دوور بوو.
ئەو ڕۆژە بە خۆم و کتێبی جەنابی جەهان‌بەگلووەوە کە لە ئیدارە هاتمەوە چوومە مەیدانی تۆپخانە و سواری ئوتوبووس بووم. هەروا کە لە تەنیشت پەنجەرە دانیشبووم کتێبەکەم لێک کردەوە و دەستم بە خوێندنەوە کرد. کە چەند لاپەڕەم لێ خوێندنەوە بە ڕاستی ئەوەندەم پێ سەرنج‌ڕاکێش و خۆش و دڵ‌نشین بوو کە نەمزانی ئوتوبووسەکە بە کوێدا پڕ بوو و کەی وەڕێ‌کەوت، کاتێک وە خۆ هاتمەوە گەیشتبووە ئاخیری هێڵ، واتە وێستگەی قەتار. شاگردی ئوتووبووسەکە ڕووی تێ‌کردم و گوتی:
ـ کاکە ئاخیری هێڵە، دانابەزی؟
کە سەرم لە سەر کتێبەکە هەڵگرت، دیم تەنیا من لە ماشێنەکەدا ماوم. کردمە هات و هاوار: ئەوە چییە کاکە، من لە چوارڕێی موعتەزول‌سوڵتان دادەبەزیم، بۆ ئێستا دەنگ دەکەی؟
گوتی: لە وێش هاوارمان کرد چوارڕێی موعتەزول‌سوڵتان! دوو سێ کەس دابەزین، بەڵام تۆ دانەبەزی. وێدەچێ لەوێش وەک ئێستا سەرت بە کتێبەوە گەرم بووبێ و نەتزانیبێ.
دیتم ڕاست دەکا. بە ناچاری دابەزیم و بە پێیان پتر لە کیلۆمیترێکم ڕێگا کوتا.
بەڵێ، شازادە چکۆلە ـ م هێندە لا خۆش و سەرنج‌ڕاکێش بوو کە بە دوو ڕۆژ تەواوم کرد و بڕیارم دا وەری‌بگێڕم. هەڵبەت دوکتۆر جەهان‌بەگلوو بۆخۆشی گوتبووی وەری‌دەگێڕم، بەڵام چونکە تا ئەو کاتە نە کتێبێکی وەرگێڕابوو نە شتێک بە ناوی ئەوەوە بڵاو ببووەوە تا خەڵک بیناسن و بە نێوی ئاشنا بن، قسەکەیم بە هێند نەگرت و ملم دە بەر تەجەمەی کتێبەکە نا.
حەفتەی گۆرین کۆتایی هات و داوای کتێبەکەی لێ‌کردمەوە. من بە بیانووی ئەوەی لەبەر گیروگرفتی ماڵەوە پێم تەواو نەکراوە و ئێستا گەیشتوومە نیوەی، تکام لێ‌کرد حەفتەیەکی دیکەشم مۆڵەت بدا. لە پێشدا خۆی سەخڵەت کرد و بە جیددی داوای کردەوە. بەڵام من هێندەم پێ داگرت، ڕازی بوو. لێی دووپات کردمەوە کە ئەو ماوەیە ئیدی درێژ ناکاتەوە و دەبێ حەتمەن لە کۆتایی حەفتەدا کتێبەکەی بۆ بەرمەوە.
من بێ‌ئەوەی پێی بڵێم خەریکم وەری‌دەگێڕم بەڵێنیم پێ‌دا تا کۆتایی ئەو حەفتەیە بۆی بەرمەوە. ئیتر هەموو کاتی خۆم بۆ وەگێڕانی تەرخان کرد و بە دوازدە ڕۆژی تر لێ‌بوومەوە. ئینجا کتێبەکەم بۆ بردەوە و دوکتۆر هەرچەند بەو بێ بەڵێنییەی من کەمێک زویر بووبوو، کە چاوی بە کتێبەکە کەوت خۆشحاڵ بوو. بەڵام کە پێم گوت وەرم‌گێڕاوە یەکجار پێ تێکچوو و گوتی:
ـ من بە تەما بووم وەری‌بگێڕم. تۆ بە چ حەقێک و بە ئیجازەی کێ چوویە وەرت‌گێڕاوە؟ من خۆ کتێبم بۆ ئەوە نەدابوویەی وەری‌بگێڕی.
گوتم: ئەتۆ تا ئێستا شتت وەنەگێڕاوە، بۆیە پێم وا نەبوو بە ڕاستیت بێ. بەهەرحاڵ ئەگەر کتێبێک، دوو وەرگێڕانی هەبن چ عەیبی نییە. ئەگەر پێشت خۆشە من ئامادەم ئەو وەرگێڕانە بە ناوی هەر دووکمان بێ. وەرگێڕانەکەی خۆمت دەدەمێ، هەر جێیەکی بە دڵت نەبوو دەستکاری بکە و پاشان بە ناوی هەر دووکمان لە چاپی دەدەین.
گوتی: نەخێر، من حەزم دەکرد تەنیا بە ناوی خۆمەوە وەری‌بگێڕم، تازە شازادە چکۆلە بۆ من مرد.
پێکەنیم و گوتم: ئەگەر بۆتۆش مردبێ، من بۆ هەموو فارس زمانانم ڕوح وە بەر ناوە.
سەرچاوە: مجلەی گلستانە، شمارە ١٧-١٨، خرداد و تیر ١٣٧٩
بەفر بەسەر یادداشتەكانمدا دەبارێ

16/2/2008پاش‌نیوەڕۆ
ئەم بەیانییە فایلێكم لە بارەی ئۆرهان پاموك خوێندەوە. كاری زۆری تێ‌كردووم. بە تایبەت پوختەی وت‌ووێژێكی ڕۆژنامەی"میلییەت" كە فەرهادی ئەكبەری وەری‌گێڕاوە. هەم بابەتەكە جوان بوو، هەم وەرگێڕانەكەی. لە دڵی خۆمدا ئێرەییم بەو دۆخە برد كە ئۆرهان پاموكی تێدا ژیاوە: شاری جوانی ئەستەمبووڵ، باوكێكی ڕۆشنبیر، خێزانێكی خواپێ‌داو و تەمەنێك خۆ تەرخان‌كردن بۆ بیركردنەوە و نووسین.
فایلەكەی گۆڤاری "واتە" تامەزرۆی كردووم هەرچی زووە ڕۆمانی "بەفر"ی پاموك پەیدا بكەم.
17/2/2008ـ 11:30 ی شەو
دوو بەشم لێ خوێندۆتەوە. سەرنج‌ڕاكێشە. بەڵام هێشتا زووە هیچی لە بارەوە بنووسم. ئەوی دڵ‌خۆشم دەكا زمانی ڕەوان و كوردانەی "بەكر شوانی"یە كە رۆمانەكەی وەرگێڕاوە. لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا لە سێ جێگا تێبینیی زمانەوانیم لە سەری بووە و بە قەڵەمی دار هێڵم لە ژێر كێشاون. نابێ كتێبەكە پیس بكەم. ئەمانەتە و "سالار"ی هاوڕێم ئارەقی نێوچاوانی خۆی پێ‌داوە. دوێنێ بە تەلەفۆن داوای "بەفر"م لێ‌كرد و هەر بۆ شەوێ بە شاگردەكەیدا بۆی ناردم. ماڵی هەردووكیان ئاوەدان.
18/2/2008ـ 11:50 شەو
تا ئێستا چاردە بەشم لێ خوێندوونەوە كە دەكاتە ١٩٢ لاپەڕە. نیوەتێریش نەبوومە. بەڵام پاش دە دەقیقەی تر كارەبا دەبڕێ و بە ناچاری دەبێ واز لە لەزەتی خوێندنەوە بێنم.
19/2/2008ـ 11:30 ی بەیانی
بە درێژایی ئەو ٣٩٨ لاپەڕەیەی خوێندوومنەوە، لە ڕۆمانەكەدا بەردەوام بەفر دەبارێ. "قارس" نوقمی بەفر بووە و تەنانەت لە فەسڵێكدا كە ناوبڕێكە بۆ چوار ساڵ دواتر، لە فرانكفۆرتی ئاڵمانیش بەفر بۆ تاوێ خۆشی ناكاتەوە.
من كە كوڕی وڵاتی بەفر و كڕێوەم و وا چەند زستانێكە بەفر نەگەیشتۆتە گوێزینگم، دڵم بۆی هێندەی دڵی چۆلەكەیەكی لێ‌هاتۆتەوە.
شەوێ‌دی بە تەلەفۆن پێیان‌گوتم: لە "خانێ" پشتێنێكی بەفر تێكردووە.
23/2/2008ـ 5:10 ی ئێوارە
دوو ڕۆژە لە خوێندنەوەی "بەفر" بوومەتەوە. هێشتا كەش‌وهەوای ڕۆمانەكە بەری نەداوم. بۆ هەر كوێ دەچم ڕووداو و كەسێتی و دیالۆگەكان، زرپ و زیندوو دێنەوە پێش چاوم. هەر كێ دەبینم باسی "بەفر"ی بۆ دەكەم. دەڵێم: پامووك، توركیای بە هەموو كێشەكانیەوە بچووك كرووەتەوە و لە دەفری"قارس"ی‌دا گونجاندووە. هەڵبژاردنی ئەم شارۆچكەیە بۆ شانۆی ڕووداوەكانی ڕۆمانەكە تابڵێی وردبینانەیە. قارس هەڵگری هەموو ئەو تایبەتمەندییانەیە كە توركیایان كردۆتە گۆڕەپانی ململانێ سیاسی و كۆمەڵایەتی و ڕۆحییەكان؛ ململانێی نێوان ئایین و عەلمانیەت، بە ئەوروپی بوون و نەریت‌خوازی، تواندنەوە و بەرگری‌كردن.
هەندێك ڕەهەندی ئەم ململانێیە وەك چەوسانەوەی نەتەوەیی و ڕووبەڕوونەوەی مۆدێڕنە و ترادیسیۆن، هەمان ئەو كێشانەن كە كەم و زۆر ئێخەی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتیان گرتووە.
بەفر لە ڕووبەرێكی جوگرافیی بەرتەسكی وەك "قارس" دا ـ كە تامەزۆرم ڕۆژێك بیبینم ـ و لە ماوەیەكی كورتی سێ ڕۆژەدا ڕوودەدات، بەڵام پیتێنراوی مێژوویەكی لانی‌كەم هەشتا ساڵەیە و گشت ڕووبەری وڵاتەكەی گرتۆتە خۆی.
بەفر نیشانمان دەدا لە كۆمەڵگایەكی داخراو و میلیتاریزەكراودا كە نیوەی دانیشتوانەكەی سیخوڕی دەوڵەت بن و ژەنەڕاڵەکان چارەنووسی میللەت دیاری بكەن، دەشێ مرۆڤێكی بێ‌ئازاری وەك "كا"ش تێكەڵ بە دەست خستنە چارەنووسی خەڵكی تر و پاشان سیخوڕی و دواجار ناپاكی بكرێت. "كا" كە دوای دە ساڵ بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە، پاكیزەیی سەردەمی منداڵیی خۆی بدۆزێتەوە یان پێ‌وشوێنی سەرەداوی ئەڤینێكی بزربوو هەڵبگرێ، ئەم سەفەرەی لێ دەبێتە بەڵای سەر و دەبێتە هۆی هەڵگرتنی ڕقێكی هێندە ئەستوور كە دواجار پاش چوار ساڵ دەستی ئەو ڕقە لە فرانكفۆرت دەیگاتێ و دەیداتە بەر چەقۆ.
كا، تورگوت بەگ، ئیپەك، قەدیفە، نەجیب و شینە و زۆربەی كەسایەتییەكان هەر یەكەو بە شێوەیەك قوربانین. قوربانیی دەستی تاقمێك ئەفسەر و شانۆگەری دەغەزدار كە دوای كڵاوی بابردووی ئەتاتورك كەوتوون. قوربانیی دەستی ئەو باوەڕ و نەریتانەی كە لە وڵاتەكەدا دوو چینیان بەرهەم هێناوە: چینێكی چالاك و دڵڕەق كە بە خوێن و شەق وڵات بەڕێوە دەبەن، چینێكی پاسیڤ و دۆڕاو كە تەنیا كاریان ئەوەیە لە چایخانەكان دابنیشن و تەماشای تەلەڤزیۆنی حكومەت بكەن.
لەم ڕۆمانەدا قارس دۆزەخێكە كە مرۆڤ لە هیچ شوێنێك تەنیا نییە و بەردەوام كۆنتڕۆڵ دەكرێ؛ رێگاكانی بۆ دەستنیشان دەكرێن و هەر كە لە ئاراستەی رێگاكە لایدا ئەشكەنجە دەدرێ و بە قەولی پامووك بە ئاسانیی كوشتنی مێشێك دەكوژرێ؛ كوشتنێك لەسەر شانۆ و بە بەرچاوی بینەران و پەخشی ڕاستەوخۆی تەلەڤزیۆنەوەش نەك بە نهێنی.
بەفر، كە لە سەرتاسەری ڕۆمانەكەدا بۆ تاوێک لێی ناكاتەوە، چیدی بەفرێك نییە ڕەمزی بەرائەت و سپیەتی بێ، بەڵكو لەوێدا بەفر مادەیەكە بۆ شاردنەوەی ڕەشاییەكان، بۆ داخستنی ڕێگاكان و بۆ تەریك كردنەوەی قارس لە دنیا.
9/4/2008 – 11:31ی شەو، دارەتوو
ئەو چەند كەسەی باسی بەفرم بۆ كردوون، لە كۆتاییدا بە یەك دێڕ وەڵامیان داومەتەوە:
- "منیش دەبێ بیخوێنمەوە."
تۆقی عەزازیل
بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی کوردی، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕووداوێکی دەگمەنی فەرهەنگییە و بۆ ئۆگرانی چیرۆک و ئەدەبی داستانی لە هەواڵ تێپەڕیوە و حوکمی مزگێنی هەیە.
بۆیە کاتێ لە وێبلاگی "خەونباز"دا مزگێنیی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی کوردیی "تۆقی عەزازیل"م چاو پێکەوت، بۆ خوێندنەوەی حەجمینم لێ هەڵگیرا.
کەوتمەوە بیر سەیدقادر هیدایەتی و "ڕوانە" و "هەزار و یەک یادداشت" و...
وەرگێڕانی ئەو تابڵۆیەی ڕۆمانی "ناسکیەتیی ژیشک" پێشکەش دەکەم بە ڕۆحی ئەو گوڵەباخەی بەربووەوە سەر کۆشی ئاربابا ، بە ئیبڕاهیمی یۆنسی..
س.د
لە خۆم دەپرسم ئایا نەبووم بە بانگەشەکارێکی جوانی‌ناسی. بە هۆگرییەکی بەهێزی بیرمەندانەوە بە زەن، هاوکات دەگەڵ دڕدۆنگییەکی تایبەت بە شێوازی ڕۆنسار.
ڕوونی دەکەمەوە. ئەم یادداشتەی "لەبارەی جووڵەی خەڵکەوە" کەمێک تایبەتە، چونکە لە جووڵەی تاک یان کۆمەڵ ورد نابێتەوە: ئەمڕۆ بەیانی، لە کاتی خواردنی بەرچاییدا، جووڵەیێکم بینی. دوێنێ (دووشەممە بوو) خاتوو گرێمون، فەڕاشی تایبەت بە خاوێن کردنەوەی باڵەخانەکەمان، چەپکێک گوڵەباخی بۆ دایکم هێنا. خاتوو گرێمون یەکشەممەکەی لای خوشکی بووە کە باخێکی لە سۆراسن هەیە و چەپکێکی لە یەکەم بەری گوڵەباخی ئەو وەرزە بۆ دایکم هێنابوو. پەیوەندیی دایکم دەگەڵ خاتوو گرێمون وەک پەیوەندی هەموو خاتوونە پارەدارە پێشکەوتن‌خوازەکانە دەگەڵ خزمەتکارەکانیان، هەرچەند دایکم بڕوای وایە کە ئەو دەگەڵ هەمووان فەرقی هەیە: ...
داربڕەکان
چەند ساڵ لەمەوبەر هاوینێ دەگەڵ هاوسەر و کچەکەم بڕیارمان دا لەو شارە گەورە و قەرەباڵغە هەڵێین. چووینە گوندێکی زۆر بڵیند لە سەر شاخێک، خانوومان پەیدا کرد و دامەزراین. ماڵەکەمان کەوتبووە سەر شەقامی ناوەندی.
ژنی خاوەن‌ماڵ پێی گوتم:
ـ ماشێنەکەت بە دیوارەوە ڕابگرە، لەبەر لۆرییەکان.
ڕەهبەری مەحموودزادە
پارادۆکسێک کە مۆرکی خۆی لە سەرەتای ئەم شێعرە داوە ـ تێک‌بەزینی شین و شایی ـ بە بڕوای من زیادتر لەوەی تەمهیدێکی ڕیتۆریکی بێ، پارادۆکسێکە کە لە واقیعی ڕۆژانەی ژیانی کورد هەڵهێنجراوە. واقیعێک کە هێندەی هەناسەی مرۆڤێک، لە بیرەوەری‌ی مێژوویی و نەست و ناخودئاگای بە کۆمەڵی کورد ئاڵاوە. دیارە بەڵگەم بۆ ئەو قسەیە هەیە. ئەو کەسانەی لە بەیتی کوردی شارەزان دەزانن "سەیدەوان" یەکێک لەو بەیتە کوردییانەیە کە ...
کێ بێ بە قەد من، ئاشقی شایی بێ
کێ بێ بە قەد من، شینی گێڕابێ
لێوی کێ وەک من، بە پێکەنینە
چاوی کێ هەیە، هێندە گریابێ
شانێکم لە ژێر تەرمی ئازیزە
شانەکەی دیکەم، شایی دەگێڕێ
شین لە خەویشدا شەڕ دەفرۆشێ پێم
ئەدی کوانێ خوا، وەخێری گێڕێ؟
لێم مەگرە هێندە گەر شایی دەکەم
شایی مەرهەمە و لە شینم ناوە
هەڵپەڕکێیە یان باڵەپڕژەیە؟
مەلێک، فڕینی: سەر ژێ کراوە
گەر لە بانەوە، سەرسەوزە سەرم
دەروونم پڕی سکڵ و ئاگرە
لێم هەڵدەپسێنن گوڵاڵە و شللێر
هەوارم بژوێن، ئەمما باگرە
کەی بێ بۆ شادی، شایی دابەستین
جاروبارێکیش، بۆ کۆستێک بگرین
شین و شاییمان دەستەوایی بێ
نەک لە تاوی خەم، هەڵپەڕکێ بگرین
کاستامنۆـ ٢٠١٢/١/٣
گەڕان بە دوای ئەستێرەدا و
سەردەرکردن لە
تونگەی ماسییە سوورەکان
گەورەکان، وا دیارە جاروبار، دەرفەتی ئەوەیان دەبێ دابنیشن و بیر لە کارەساتێک بکەنەوە کە پێی دەگوترێ ژیانیان. ئینجا بێ‌ئەوەی بە خۆیان بزانن، بۆ حاڵ و باڵی خۆیان دەگرین و وەک ئەو مێشانەی خۆیان بە شووشەدا دەدەن، حەجمینیان لێ هەڵدەگیرێ، ئازار دەچێژن، دادەهێزێن، خەمۆک دەبن و لە بارەی ئەو چەرخ‌دەندەیەوە کە لە ناویدا حاسێ بوون و ڕایکێشاونەتە شوێنێک کە حەزیان نەدەکرد لەوێ بن پرسیار لە خۆیان دەکەن. ئەوی لە هەمووان زیرەکتر قوتابخانەیەکی بۆخۆیان لێ دروست دەکەن: ئاخ، پووچیی جێی سەرکۆنەی هەستیی بۆرژوایی! کەسی ڕووهەڵماڵاوی واشیان تێدا هەڵدەکەون کە لە سەر مێزی نان خواردنی باوکیان ئامادە دەبن و لە خۆیان دەپرسن:
لاپه‌ڕه‌یه‌ك له ڕۆمانی كاتژمێر بیست و پێنج[1]
...له سه‌رمان ڕه‌ق هه‌ڵاتبوو. بنكراسه ته‌نك و تۆڕییه‌كه‌ی و كراسه له‌و ته‌نكتره‌كه‌ی به‌رامبه‌ر سه‌رمای شێداری به‌رده‌كان هیچیان پێنه‌ده‌كرا. سه‌رما له پێستی ئاودیو بوو و له‌وێشه‌وه تا ناو ئێسقانه‌كانی گیر نه‌بوو. سه‌رمای شێداری له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ست پێده‌كرد. گورچیله‌كانی قه‌ت سه‌رمای ئاوایان به خۆیانه‌وه نه‌دیبوو. نورا به چاكی نه‌یده‌زانی گورچیله‌كانی له كوێن و چۆنن. كه‌چی ده‌یزانی له سه‌رمان ته‌زیون. نه‌ك هه‌ر گورچیله‌كانی، به‌ڵكو هه‌موو جه‌رگ و هه‌ناو و ڕیخه‌ڵۆكه‌ی ته‌زیبوون. نورا كراسه‌كه‌ی خڕ كرده‌وه سه‌ر ئه‌ژنۆیان، به‌ڵام سوودی نه‌بوو. نه‌یده‌وێرا له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ش دابنیشێ. وه‌ك مێژۆك ده‌له‌رزی. ددانه‌چۆقه‌ی پێكه‌وتبوو. له ده‌رێ هه‌وا گه‌رم بوو، به‌ڵام ئه‌وه هیچ سوودی بۆ ئه‌و نه‌بوو كه له ژوورێ له سه‌رمان ده‌له‌رزی. بۆ ئه‌وه‌ی كه‌مێك خۆی گه‌رم دابهێنێ له ناوه‌ڕاستی سللووله‌كه هه‌ڵتروشكا. له‌و كاته‌دا هه‌ستی كرد میزی دێ و تا ده‌هات ئه‌و هه‌سته زیاتر ده‌بوو و پاشان گه‌یشته ئه‌وه‌ی ئێشی له‌گه‌ڵ بێ. ژانێكی به به‌ر میزڵدانیدا هات، ده‌تگوت دهرزیئاژنی ده‌كه‌ن و له‌وه ده‌ترسا خۆی پێ ڕانه‌گیرێ. له‌و ڕۆمانانه‌ی خوێندبوونیه‌وه له زۆربه‌ی سللووله‌كاندا سه‌تڵێكی بچووك ڕۆڵی ئاوده‌ستی ده‌گێڕا، به‌ڵام سللووله‌كه‌ی ئه‌و ته‌نیا ته‌ختێك و مێزێكی چكۆله و په‌نجه‌ره‌یه‌كی شیش‌به‌ند كراوی تێدا بوو و به‌س. نورا ڕۆیی تا له ده‌رگا بدا. له دڵی خۆیدا گوتی: "خۆ ئیزنم ده‌ده‌ن بچمه ئاوده‌ست." له پڕ قسه توند و تیژه‌كانی وه‌ردیانه‌كه‌ی بیر كه‌وته‌وه: "ئه‌گه‌ر یه‌ك جاری دی به مست له ده‌رگا بده‌ی سزا ده‌درێی."
نه‌یوێرا له ده‌رگا بدا.
له ژووره‌كه‌دا ده‌هات و ده‌چوو. "خه‌تای خۆم بوو، به خۆڕایی جارێك له ده‌رگام دا." دیسان چووه‌وه لای ده‌رگا، به‌ڵام زاتی نه‌كرد لێی بدا: "له ده‌رگا بده‌ی سزا ده‌درێی."
له كاتێكدا ئه‌و ڕسته‌یه‌ی وه‌ردیانه‌كه له مێشكی‌دا ده‌زرینگایه‌وه شتێكی وه‌ك كاره‌با به هه‌موو له‌شیدا هات. ئه‌وه ڕاگه‌یاندنی مه‌ترسی بوو. ماسوولكه‌كانی چیدی به قسه‌یان نه‌ده‌كرد و كۆنترۆڵی به‌سه‌ریانه‌وه نه‌مابوو. هه‌ستی كرد ده‌رپێ ته‌نكه‌كه‌ی ته‌ڕ بووه. پاشان ته‌ڕاییه‌كه گه‌یشته ملی گۆره‌وی و ئینجا گۆره‌وییه‌كانی هه‌موو. گه‌رمایه‌كی ته‌ڕ به لاقیدا هاته خوار و ڕژایه ناو پێڵاوه‌كانی. ئه‌لیو نورا وێست جارێكی دی ته‌قه‌للای دا خۆی ڕابگرێ، به‌ڵام گه‌وی له‌شی شل ببوونه‌وه. دیسان هه‌ڵتروشكا. له كاتێكدا ده‌رپێكه‌ی له قورساییه‌كی ته‌ڕدا گه‌رم و گه‌رمتر ده‌بوو هه‌ستی به ئۆخژنێكی وا كرد كه هه‌رگیز نه‌یدیبوو. گشت ماسولكه و ده‌مار و هه‌موو گه‌ردیله‌ی له‌شی حه‌سانه‌وه. ئه‌و په‌تانه‌ی به زه‌وییان ده‌به‌سته‌وه، هه‌موو پچڕابوون. له حاڵه‌تێكی نێوان مه‌رگ و ژیان، خه‌و و بێداریدا موعه‌له‌ق بوو. هه‌موو گیانی ڕزگار ببوو و خۆی له ماوه‌رای شوێن و كاتدا ده‌بینی. وای هاته به‌ر چاو كه ئه‌و ئاوه چه‌ندین كاتژمێره هه‌روا خوڕه‌ی دێ، به‌ڵام كاتێ چاوی به عه‌رزی سللووله‌كه كه‌وت، ترس سه‌رتاپای گیانی داگرت. له جێی خۆی ده‌رپه‌ڕی و له قولینچكێك هه‌ڵكورما. ده‌تگوت ده‌یه‌وێ خۆی بشارێته‌وه. ترسناكترین كاتی ژیانی ئه‌م كاته بوو. عه‌رزی چیمه‌نتۆی سللووله‌كه له ته‌ڕییان بریقه‌ی ده‌دا. میزه‌كه‌ی به بن ته‌خت و مێزه‌كه‌دا خوشی و گه‌یشته به‌ر لاقی. نورا زانی كه‌تنێكی كردووه. ده‌نگی وه‌ردیانه‌كه‌ی دیسان له گوێدا زرینگایه‌وه: "سزا ده‌درێی." حه‌زی ده‌كرد جله‌كانی داكه‌نێ و عه‌رزه‌كه‌ی پێ وشك بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ش سوودی نه‌بوو. ته‌ڕاییه‌كه زۆر له‌وه زیاتر بوو بتوانێ به‌و شتانه وشكی بكاته‌وه. له خاڵێكی نادیاره‌وه به‌رده‌وام گوێی لێده‌بوو: "سزا ده‌درێی."
به لای نوراوه ئاشكرا بوو كه هه‌ر هه‌وڵێك بۆ شاردنه‌وه‌ی كه‌تنه‌كه‌ی یان خۆ قوتاركردن له سزا بێ سووده. ده‌سته بچووكه‌كانی كه هێشتا له ده‌ستكێشدا بوون به ده‌موچاویه‌وه گرتن و ملی نا له گریان.
[1] ئه‌و ڕۆمانه‌ی "كۆنستانتین گیۆرگیۆ"م ساڵی2007 وه‌رگێڕا و له چاپ دا. بڕیار وایه ئه‌وساڵ چاپی دووه‌می بكه‌وێته‌وه به‌ر ده‌ستی خوێنه‌ران.
نووسه‌ری كورد به تایبه‌تی له ڕۆژهه‌ڵات حیرفه‌یی (پیشه‌یی) نییه. به قه‌ولی مام هێمن: "له‌مێژه ده‌وه‌ی گه‌یوم له‌م وڵاته‌دا قه‌ڵه‌م نانی پێ په‌یدا نابێ." له لای ئێمه قه‌ڵه‌م نه‌ك هه‌ر نانت بۆ په‌یدا ناكا به‌ڵكو زۆر جار نانبڕاوت ده‌كا، تووشی كێشه‌ت ده‌كا و وا هه‌یه سه‌ریشت به فه‌ته‌رات ده‌دا.
نووسین لای ئێمه عه‌شقه تا پیشه. خۆشه‌ویستیی ئینسان، خۆشه‌ویستیی زمان، خۆشه‌ویستی ئه‌ده‌ب وامان لێده‌كا له كاتی پشوودانی خۆمان بدزین و بیده‌ینه نووسین...
به‌فر
له سه‌ری کۆڵانه‌که لێک هه‌ڵبڕان. یه‌کیان به‌ندی بوو، ئه‌وی تر به‌ندی‌وان.
به‌ندیی، ماوه‌ی حوکمه‌که‌ی ته‌واو کردبوو و، به‌ندی‌وان ماوه‌ی خزمه‌تی.
جانتاکانیان پڕ له ڕابردوو بوون؛ کۆنه خاولی، خۆتراشی ژه‌نگاوی و ئاوێنه‌ی باخه‌ڵی و...
هه‌ردووکیان بیره‌وه‌رییه‌کانیان له پشت میله‌ی زیندان جێ‌هێشتبوون و کاتێ له سه‌ری کۆڵانه‌که لێک هه‌ڵبڕان، به‌فر وه‌ک یه‌ک به سه‌ر هه‌ردووکیان‌دا ده‌باری.
ڕه‌سووڵ یۆنان
و: س.دڵسۆز
توونێل
چه‌ندین حه‌وتوو بوو کێوه‌که‌مان هه‌ڵده‌که‌ند. گاشه‌مان ده‌رده‌هێنان و تاشه‌به‌ردمان ده‌بڕین بۆوه‌ی بگه‌ینه ئه‌ودیوی کێوه‌که. ئه‌ودیوی کێوه‌که سه‌رزه‌مینی خه‌ونه‌کانمان بوو و بۆ ئه‌وه‌ی پێی بگه‌ین ده‌بوایه دڵی ڕه‌ق و ڕه‌شی زناره‌کانمان بقه‌ڵاشتایه. ڕاست ئه‌و ڕۆژه‌ی که ده‌گوترا توونێله‌که نیوه بووه، ده‌مه‌قوڵنگی یه‌کێکمان به‌ر ده‌مه‌قوڵنگی یه‌کێکی به‌رامبه‌رمان که‌وت و پاشان کێوه‌که کوناوده‌ر بوو و تاقمێکی ماندوو و تۆزاویی له‌چه‌شنی خۆمان په‌یدا بوون. ڕێگامان بۆ یه‌کتر کرده‌وه و لێکدی تێپه‌ڕ بووین و هه‌ر کام به‌ره‌و سه‌رزه‌مینی خه‌ونه‌کانمان که‌وتینه ڕێ.
ئاره‌ش نه‌سیری
و: س.دڵسۆز
ترس
له ده‌رکه‌یان دا. هه‌ستام چووم ده‌رکه‌م کرده‌وه. پیره‌مێرده‌که‌ی دراوسێمان بوو.گوتی: ببووره ده‌کرێ مشاره‌که‌تانم پێ بده‌ی!
گوتم: پێم وا نییه مشارمان هه‌بێ!
گوتی: با هه‌تانه، له سه‌ر یاد نی، له عه‌مباره‌که‌تانه.
چوومه عه‌مباره‌که و به هه‌زار زه‌حمه‌ت مشاره‌که‌م دۆزیه‌وه و دامێ. که مشاره‌که‌ی لێ وه‌رگرتم، یه‌کسه‌ر د‌مه‌که‌ی ده بن پێی نا، نوشتاندیه‌وه و شکاندی.
گوتم: ئه‌وه چ کارێکه؟
گوتی: شه‌و له خه‌ونم‌دا یه‌کێک هاتبوو به مـشار ملم ببڕێته‌وه.
کۆخی و پاشان گوتی: چووم پرسیارم کرد، هیچ‌کام له جیرانه‌کان مشاریان نه‌بوو. ئه‌گه‌ر کابرا به ڕاستی هاتبا، حه‌تمه‌ن به مشاره‌که‌ی ئێوه‌وه ده‌هاته زگم.
ئینجا هه‌زارییه‌کی کاغه‌زینی له به‌ری ده‌ستی نام و به ده‌م ڕۆیشتنه‌وه گوتی:
پێم وایه له‌وه پتری نه‌ده‌هێنا، به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر که‌مه ده‌م‌به‌خشی.
ڕه‌سووڵ یوونان
و: س.دڵسۆز
بۆ فرۆشتن: پێڵاوی منداڵانه، له پێ نه‌کراوه.

ئێرنست هێمێنگوای
پلان‌داڕێژیی زمان؛ ئه‌ندونیزیا وه‌ک نموونه
كۆمه‌ڵناسیی زمان نێوی لقێكی نوێی زانستییه كه له شوێنی تێک‌هه‌ڵه‌نگووتنی زمان‌ناسی و كۆمه‌ڵ‌ناسی شین بووه. زمان‌ناسی، وه‌كو سیسته‌مێك له زمان ده‌ڕوانێ و لێی ده‌كۆڵێته‌وه، به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپ یان كۆمه‌ڵگایه‌ی به‌كاری ده‌هێنێ، له‌به‌ر چاو بگرێ. به‌ڵام كاتێك زمان ده په‌یوه‌ندیی ده‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای زمانی‌دا لێی بڕواندرێ، واته وه‌كو ئامرازی په‌یوه‌ندیی نێوان تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا له‌به‌ر چاو بگیرێ، تاوتوێ‌کردنه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته خانه‌ی لقێكی دیكه‌ی زانستییه‌وه كه پێی ده‌گوترێ كۆمه‌ڵناسیی زمان.
كۆمه‌ڵناسیی زمان گه‌لێك پرس ده‌گرێته‌وه كه ...
تامی ئازادی
ژن و پیاو و ورد و لاو، شەوێ‌دی تا نیوەشەو بە نێو شەقامەکانی شاردا سووڕانەوە، هەڵپەڕین، هۆڕنیان لێدا و دەسرەیان هەڵسووڕاند. ئەوە بێجگە لەوەی لە سەعات 3ی پاشنیوەڕۆوە تا شەو لە گۆڕەپانی گەورەی سەرووی شاردا لە دەوری ئاور شاییان گێڕابوو، ئاتەشبازییان کردبوو، بە ماتۆڕ و ئەسپ ڕمبازێنیان کردبوو و دەستە دەستە قۆڵیان لە قۆڵی یەک خستبوو و سووڕابوونەوە . دەربڕینی ئیحساساتی خەڵک سنووری نەبوو و وێدەچوو تا ئەبەد درێژەی هەبێ.
ئەوە هەمووی بە بۆنەی جێژنی نەورۆزەوە بوو.
نەورۆز چییە و چ هێزێکی هەیە کە دەتوانێ لەیەک ساتەوەختی دیاریکراودا لە شارێکی وا بچووکدا هەزاران کەس بەرەو گۆڕەپانێک ڕابکێشێ و ئابەو شێوەیە تا نیوەشەو لە سەر شەقامەکان هەڵیانپەڕێنێ؟ ئەو سیحرە چییە و لەکوێی نائاگای جەمعیی ئەم خەڵکەدا خۆی حەشار داوە کە بە بزیسکێک گڕ دەگرێ و هیچ هێزێک نییە پێشی پێ بگرێ.
لە توولی ساڵ‌دا کە لاو نه‌توانێ بە دڵی خۆی بپۆشێ، کە بۆی نه‌بێ بە زمانی زگماکی خۆی بخوێنێ، کە نه‌شێ لێک خڕببێتەوە و گرووپ پێک‌بهێنی، کە نه‌وێرێ بیروڕای خۆی دەربڕێ، کە هەڵپەڕکێی لێ حەرام و کە ئاگرکردنەوەکه‌ی مەکڕووهـ بێ، ئه‌و ڕۆژه ئه‌گه‌ر نه‌ورۆزیش نه‌بێ هه‌ر جێژنه. له ڕاستی‌دا نەورۆز ناوێکی دیکەی ئازادییە.
نەورۆز لێرە، تاکە ڕۆژێکە لە ساڵ‌دا کە تاکەکەس تێی‌دا کەرامەتیی ئینسانیی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە، تێی‌دا قەهری ساڵێک کۆیلەتی و ژێرچەپۆکی هەڵدەڕێژێ و هەناسەیەکی ئازاد هەڵدەکێشێ. لەو ڕۆژەدا ئیدی لەوە دەردەچێ چاوی کۆنتڕۆڵ، بەسەریەوە بێ. لەو ڕۆژەدا ئیدی چی پێ خۆشە دەیپۆشێ، دەیڵێ و دەیکا.
ئازادی پڕبەهایە، ته‌نانه‌ت ئەگەر لە ساڵ‌دا یەک ڕۆژیش بێ.
هاوێنه
ئه‌و پیاوه‌ی ده‌ستی نه‌بوو هاته به‌ر ده‌رگه‌ی ماڵێ بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ی خانووه‌كه‌مم پێ بفرۆشێ. مرۆڤ ئه‌گه‌ر چاوپۆشی له‌و قولاپه كرۆمییانه‌ی كردبا، پیاوێك بوو ئاسایی، ده‌وری په‌نجا ساڵ.
كاتێك گوتی چ كارێكی هه‌یه، پرسیم: "ده‌ستت چی بووه؟"
گوتی: "به‌سه‌رهاته‌كه‌ی دوورودرێژه. ئه‌م وێنه‌یه‌ت ده‌وێ یان نا؟"
گوتم: "وه‌ره ژووره‌وه. تازه قاوه‌م لێناوه."
که‌ش‌وهه‌وا
خالید فاتیحی به‌ر له‌وه‌ی شاعیرێكی ناسكخهیاڵ بێ، خۆی كه‌سێكی ناسكه. مخابن، له‌گه‌ڵ ئه‌و ناسكییه‌یدا ژیان به‌رده‌وام به زبری له‌گه‌ڵی جووڵاوه‌ته‌وه و ژاكاندوویه‌تی.
ناسكبوون له دنیای بێ‌به‌زه‌ی ئه‌مڕۆدا هێنده نالێكه، هێنده ڕیزپه‌ڕ و هێنده دژوازه، ئاكامه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌رینی وه‌ك باڕێزه‌ی گوڵه‌كانی ته‌مه‌نه.
خالید ده‌بوایه له ئه‌ستێره‌یه‌كی تر دابه‌زیبا. ئه‌ستێره‌یه‌ك...
پاس

كه جارناجارێك شۆفیر پاسه‌كه‌ی شل ده‌كرده‌وه و ڕایده‌گرت، هه‌ندێ له نه‌فه‌ره‌كان داده‌به‌زین و هه‌ندێكی تر سوار ده‌بوون.
من داهێزاو و ماندوو له سه‌ر كورسییه‌كه پان ببوومه‌وه. له برسان خه‌ونوچكه ده‌یبردمه‌وه و له په‌ستا باوێشكم ده‌دان.
شۆفیری پاسه‌كه هه‌ر كه دوور و نزیكی چوارڕێیی و مه‌یدانه‌كانی نێو شار ده‌بوو له نێو ئاوێنه‌كه‌دا به ده‌نگی به‌رز ناوی مه‌یدانێكی ده‌برد:
ـ ئینقلاب؟
هه‌موو جارێ ده‌نگێگی نێر له پشت سه‌رمه‌وه وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه:
ـ دابه‌زین هه‌یه...
ده‌ستی کرده ملم و گوتی: بابه، بابه، مزگێنی! ده‌بمه عوزوی فه‌رزانه‌گان.
ئافه‌رین کچم، فه‌رزانه‌گان چییه؟...
ئێواره‌كۆڕی چیرۆك‌خوێندنه‌وه بۆ سلێمان دڵسۆز به‌ڕێوه‌چوو
ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی چرای پیرانشار له درێژه‌ی كار و چالاكییه‌كانی خۆیدا ئێواره‌ی رۆژی 12/8/89 كۆڕێكی چیرۆك‌خوێندنه‌وه‌ی بۆ چیرۆك‌نووس سلێمان دڵسۆز پێك‌هێنا.
له‌و كۆڕه‌دا چیرۆك‌نووس چوار كورته چیرۆكی خۆی خوێندنه‌وه كه بریتی بوون له: "که‌حێل"، "ماڵی به‌ربا"، "له‌سه‌ر خوانی زین" و "گای ئیسپانی". دواتر لیژنه‌ی زانستی كه پێكهاتبوو له به‌ڕێزان: مراد ئه‌عزه‌می، مامه‌ند قادری و عه‌لی قاسمی هه‌ر یه‌كه‌و ڕه‌خنه و خوێندنه‌وه‌ی خۆی بۆ چیرۆكه‌كان پێشكه‌ش كرد. له بڕگه‌ی دواتردا چه‌ند كه‌س له ئاماده‌بووانی كۆڕه‌كه ڕاو بۆچوونی خۆیان له‌باره‌ی چیرۆكه‌كان و هه‌روه‌ها له باره‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی زانستییه‌وه ده‌ربڕی. به‌و جۆره كه‌شوهه‌وایه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی چالاك له نێوان ده‌ق و به‌رده‌نگ پێكهات.
له كۆتاییدا ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی چرا بۆ ڕێزلێنان له چالاكییه ئه‌ده‌بییه‌كانی سلێمان دڵسۆز له بواری چیرۆك و وه‌رگێڕاندا سوپاسنامه و ته‌ندیسی ئه‌نجومه‌نی پێ به‌خشی.
سه‌رچاوه:http://www.chira78.blogfa.com/
نامه‌یه‌ک له ئه‌حمه‌د تاقانه وه
"...ده‌واممان له نۆوه تا سێی پاش نیوه‌ڕۆیه و مووچه‌كان دوو سێ مانگ نیوه‌یان داینێ و دواتر به پێی ڕێژه‌یه‌كی نایه‌كسان كه‌م كرایه‌وه و به‌و كهمكردنهوهیهوه به‌رده‌وامه. موكافه‌ئه كه‌م بووه‌ته‌وه و دووسێ مانگیش دوا ده‌كه‌وێ. نووسینیش كه‌م بووه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت له دیوی لای ئێوه‌شه‌وه زۆر به ده‌گمه‌ن نووسین ده‌گاته ڕامان..."
نامه‌یه‌ک له که‌ریم سۆفی یه‌وه
"...ئێمه هه‌موومان ساڵی دووهه‌زاری زایینیمان بینی و پێمان نایه سه‌ر پایه‌یه‌كی دیكه‌ی هه‌زاره‌كان. ئه‌م هه‌زارانه‌ی پڕن له ئاژاوه، پڕن له لێكترازان، پڕن له له‌باربردن و خنكاندنی هه‌ناسه‌كان، پڕن له دوورخستنه‌وه‌ی دڵه گه‌رمه‌كانی نێو یه‌ك سینه. پڕن له سه‌راوبن كردنی تامه خۆشه‌كانی ژیان و بڕوایی و متمانه‌یی و..."
نامه‌یه‌ک له خالید فاتیحی یه‌وه
"...ئه‌رێ به‌ڕاستی ئه‌وانه پێت وایه بیر له‌وه بكه‌نه‌وه خه‌ڵك شته‌كه‌یان ده‌خوێنێته‌وه، یان نا. من پێم وایه كه ده‌زانن به‌ڵام خۆیانی لێ گێل ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه گوتبووی ئه‌وه جێگای شانازی‌یه بۆ من كه خوێنه‌ر له شیعره‌كه‌م ناگا..."
نامه‌یه‌ک له ماجید نوورییه‌وه
"... برای ئازیز، چیی‌و لێ وه‌شێرم، شوكر بۆ قه‌ده‌ر و سوپاس بۆ هیممه‌تی برایانی كورد و كورد له دوای شه‌ش ساڵ زه‌وتكراویی ماڵ و خانوومان، به هیممه‌تی دوو سه‌ركرده‌ی پاڵه‌وان، خانوومان له سلێمانی بۆ گێرِدرایه‌وه، به‌ڵام "كه‌لوپه‌ل و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانی و تاد.. خۆمان خۆش. خوا هه‌ڵناگرێ له بری قه‌ره‌بووكردنه‌وه داوای لێبوردنیان لێكردین. ئێمه‌یش له‌به‌ر خاتری برایه‌تیی كورد و كورد خۆمان به ئاسووده نیشان دا و له هه‌موو زه‌ره‌ر و زیانێكمان خۆش بووین. خۆ ئه‌گه‌ر چوارده ده‌رگا و هه‌شت په‌نجه‌ره‌ی ئه‌له‌مینیۆمی ئێمه دیار نه‌ما، له سایه‌ی خودا به‌زیاد بێ ده‌رگایه‌ك بۆ ئاشتی و دوو په‌نجه‌ره‌ش بۆ دڵنیایی ها دیاره و كراونه‌ته‌وه..."
نامه‌یه‌ک له فه‌تاح ئه‌میری‌یه‌وه
"...جڵدی هه‌وه‌ڵم، یانی كتێبی "هاواره‌به‌ره"م به سێ ساڵ نووسیوه. هه‌تا نووسین زۆرم بۆ نه‌هێنێ به‌لایه‌وه ناچم، له ته‌ك پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كه‌م ده‌ژیم، دیاره هه‌ر به "خه‌یاڵ" ده‌نا ئه‌وه‌نده به‌خته‌وه‌ر نه‌بووم ته‌نانه‌ت ڕۆژێكیش میوانی "یای ناز" بم..."